بۆ برام عومەری فاڕووقی

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  631 بینین
برای خۆشەویست هاوشاری دڵسۆز
ڕووناکی چاوی خزم و گەل و هۆز
نامەی هۆنراوەت گەیشتە مەنزڵ
چاو پێی ڕۆشن بوو گەشاوە پێی دڵ
زۆر ڕێکوپێک و پوختە و تەواو بوو
دەردەدڵێکی هۆنەری لاو بوو
هەروەک خۆت فەرمووت لەشکری سەرما
هەروەکوو چەتە داویە بە سەرما
زیندانی کردووم لە چوارچێوەی ماڵ
هەر دەم بە دوعام بۆ هێزی شەماڵ
لەبۆ وڵامت قسەم زۆر پێیە
هەرچێی بڵێم ئێستە بێجێیە
قەڵەم ناتوانێ هەڵگرێ هەنگاو
بە ڕێدا ئەڕوا گڵاوەگڵاو
ئاخۆم ڕۆژێ بێت هەڵگرێتە غار
قسەی خۆم بەرێ لەم شار بۆ ئەم شار
ئەگەر وەختت بوو بێ بۆ سەروەختم
ترسی کەوتنم هەیە بەدبەختم
درەنگ جۆش ئەخوا ئەگەر بشکێ پیر
ئەبێ تا ئەمرێ ببێ زەمینگیر
جا دەردەدڵمان پێکەوە ئەکەین
غەم وپەژارە لەبەینا ئەبەین
شپرزەناسناوی ئەدەبی و پیر و لەخۆ بێزارم
لەگەڵ ئەمەیشتا ئومێدەوارم
پەیامێ بەرێ بۆ کاکی دڵسۆز
شەماڵ لە نووچکەی کێوی نەکەرۆز!