تەمەنمان هەر وەک تەمەنی گیایە
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
969 بینین
تەمەنمان هەر وەک تەمەنی گیایە
گیای مەرگە ئەوەی وا لە دنیایە
گیا بووم بووم بە گوڵ، گوڵ بووم بووم بە توو
دەورانی عومرم ڕابوارد هەموو
ئەی خوای ئامان پەنامان هەر تۆی
بە لوتفت هەموو گۆنامان بشۆی
ڕەحمەت لە قەبری مەلای بێساران
نوورت بەسەرا بڕژێ وەک باران
کە پاڕایتەوە بە ناڵە و زاری
بە سۆزی دەروون لە قاپی باری
«ئینە گشت فەسڵی جووانیم بییەن
فەسڵی سەرمەستی و جووانیم بییەن
جووانیم وییەرد پیریمەن نەوبە
نەوبەی تۆبەمەن کامگا تەوبە»