دیمەنی سەقز

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  938 بینین
چەن جوانە لە دوور دیمەنی سەقز
لە وەسفی ئینسان حەیرانە و عاجز
مانگی گوڵانە و مەزرا ڕەنگینە
گوڵی زەرد و سوور چین لەسەر چینە
ئوردیبێهێشتە و دڵارایە دەشت
چنار بە قەتار شەش و حەوت و هەشت
چەن جوان ئەنوێنێ بەرجەوەندی شار
باڵاخانەی بەرز، مزگەوت و چنار
چەمی بەردەمی وەک زێوی قاڵە
پڕ لە شەپۆلی ئاوی زەڵاڵە
تیشکی جوان خۆر، ئاسمانی ئاوی
سەیری گۆمی سەوز، مەلەی مراوی
وا گزنیگی خۆر بەرەو خۆرنشین
دیمەنی شاری کردەوە شیرین
ئەڵێی ڕۆئیایە شارە خۆشەکەم
دنیا و مافيهاعەرەبی فەرامۆش ئەکەم