یا ڕەسولەڵڵا

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  555 بینین
لە ڕۆژی ترس و بیما بمکە بیمە یا ڕەسولەڵڵا
فەقەت یەک تیکە نان برسیمە نیمە یا ڕەسولەڵڵا
ئەلەرزم ئارەقی خەجڵەت ئەڕێژم بێ سەبەب ئەگریم
بە ڕەحمەت ئەی تەبیب بڕوانە چیمە یا ڕەسولەڵڵا
نەخۆشم لێوبەبارم شیر و شۆراباو ئاو لەلام ژارە
تلاوتل ناڵەیی بێتاقەتیمە یا ڕەسولەڵڵا
هەزاری شوکری خوام پێغەمبەری ئاخرزەمان تۆم هەی
لەبۆ تۆشەی قیامەت ترسی چیمە یا ڕەسولەڵڵا
گونابارم بەقەد ئەستێرەکان و ئاوی دەریاکان
بەڵام باکم نییە ئەڵڵا کەریمە یا ڕەسولەڵڵا
خەوم دی ڕووبەڕووم پیاوێکی زانا پێخەفی دووریم
لە لام وایە نیشانەی ئاخریمە یا ڕەسولەڵڵا
ئومێدی من لە تەکیە و خانەقاکانا بڕا ئەمما
ئومێدی من بە قوڕئانی عەزیمە یا ڕەسولەڵڵا
ئەگەر بێباک و بێ قەید و جەسوور و بێ تاعەت بم
نیشانەی بێحەیایی و ڕووڕەشیمە یا ڕەسولەڵڵا
چ باکم گەر نەخۆشە ڕۆح و جیسمی «نافیعی مەزهەر»ناسناوی ئەدەبی
موحەممەد موستەفایەناوی تایبەت بۆ ئەو حەکیمە یا ڕەسولەڵڵا!