مامۆسای بەڕێز

«نامەشیعری هاوکارێکی شپرزە بە ناوی حەمەڕەسووڵی شیرازی بۆ شپرزە بەبۆنەی خانەنشین بوونی»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  734 بینین
مامۆسای بەڕێز شپرزەناسناوی ئەدەبیی هونەر
هەموو هۆنەران لە لات دەسنەزەر
بیستم ڕزگار بووی لە دەس زانیاری
ویستم بنێرم شیعرێ بە دیاری
بڵێم بەڕاسی سەد خۆزگەم بەخۆت
ئیتر تەواو بوو دەوری هاتوچۆت
ڕزگار بووی لە دەس هاتوچۆکردن
سەر کلاس چوون و مەسەلە وتن
مەحکوومی دەسی زانیارەکان نیت
شەوچەرەی مەجلیس پەتیارەکان نیت
دڵت لە تەوبیخ نالەرێتەوە
سەرت بۆ تەشویق ناشەنێتەوە
نە دەربەس تاریف نە هی جنێوی
لە دنیای خۆتا هەر خۆت حسێوی
ڕزگاریت بۆ هات لە دەس عەمر و زەید
سەرفیترە و زەکات واجیباتی عەید
وەختت زۆر ئەوێ بۆ هۆنراوەکەت
پژگ و بڵاو و سەر شێواوەکەت
بەهیوام هەمووی بێتە دەفتەرێ
بۆ دووروڵاتان پەیامێ بەرێ
بەهیوام ڕۆژێ کەوێتە دەسم
بیدەم بە شەماڵ بیبا بۆ کەسم
ببورە لە دەس قسەی پەشێوە
بە قەولی شیمال خاتری ئێوە!