خرووسی سەحەر
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
674 بینین
دوێشەو دڵخۆش بووم ڕووبەڕی دڵبەر
ناکا لێی تێکدام خرووسی سەحەر
ئەی کەڵەبابی ناجۆر و ناباب
ئاخر چی بڵێم توڵەباب سەگباب
ئەی کەڵەشێری سەگی سەگمردوو
ئیمشەو بەختی من وەختت لێ تێکچوو
هێشتا دوو بەشی شەوگاری مابوو
ئەو قووقەقووقەت لە چی بوو وا زوو
خرووسی سەحەر، خرووسی سەحەر
ئەی داک و باوکت بکێشم لە کەر
بەجارێ تێکچوو لێم ئاهەنگ و کەیف
داخی گرانم هەزار ئاخ سەد حەیف
مەجلیسی کەیف و شادیم بەتاڵ بوو
دنیام لێ ڕووخا عەیشم لێ تاڵ بوو
ژینت لێکردم تۆ بە ژاری مار
ئەی کەڵەشێری بەدفەڕی سەگسار
شەرتە بتکوژم بتکەم بە کەباب
گۆشتەکەت بکەم بە مەزەی شەڕاب
کەڵەشێر نەبی بی بە شێری نێر
ئەبی لە گۆشتی تۆ خۆم بکەم تێر
شەرتە وەک پیاوان بڕێژم خوێنت
ئیتر نەیێڵم ئاسار و شوێنت
ڕفێقەکانت تا ئیمان بێنن
ئیتر بێوادە و مەوقع نەخوێنن
ئەونەی تر دڵی منت شپرزان
دەی خوا بتخاتە ناو داوی بەرزان!