شەڕەسەگی کانیکەوە
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
736 بینین
وای لە بێعیلمی و نەبوونی فەرهەنگ
ئەم قافڵەی ئێمە تا بە حەشرە لەنگ
لە کانیکەوە لە دێی حەسەنبەگ
جوانێ شەهید بوو لەسەر شەڕەسەگ
کەوتنە ناو یەک لە جوان و لە پیر
کوێخا و ڕیشچەرموو و سەپان و گزیر
بە بەرد و تێڵا و خەنجێر و گۆچان
کوتایان یەکتر بێ پشوو و وچان
زیاتریان سۆفی و ڕیشسپی و بۆز بوون
دنیادیدە و پیر سەرکەردەی هۆز بوون
شەڕی خوێنینێ وەها بوو دایێر
وەکوو فەڕانسە و تیپی جەزایێر
سەروگوێ شکاو، تاسیاو و ماسیاو
خوێن ڕژا لەوێ وەک ئاوی ئاسیاو
یەک مرد و یەکێ لە خەستەخانە
ئەوەی ماوەتۆ وا لە زیندانە
گیراون دەسەی قاتڵ و مەقتوو
دەسپاچە و داماو، مەلوول و مەغلوول
مژدە بێ یاران کە کانیکەوە
سەرچاوهی عیلم و فەرهەنگی نەوە!