چەپکەگوڵ

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  702 بینین
پێشکێش کراوە بە فەیزوڵڵاخانی ناهید کە تابڵۆیەکی نیگارکێشی ڕەنگوڕۆنی بەرهەمی دەستی خۆی کە نیگارکێشی چەپکەگوڵێک بووە بۆ شپرزە بە دیاری ناردووە.
دوێ ڕفیقێ لە سەعادەتمەندان
ناردی بۆم چەپکەگوڵێکی خەندان
گوڵەکانی بە سەفا یەکڕەنگن
پاک و پاکیزە و شۆخ و شەنگن
هێندە مەستن لە سەبا ناپرسن
نە لە سەرما و نە لە با ناپرسن
پێکەنینیانە بە هێزی پاییز
بۆی دەهاوێن تەشەر و تانە و تیز
عومری گوڵ پەنجە شەشە یا حەوتە
سەرنویشتی چییە ئاخر فەوتە
وەڵێ ئەم دەستە گوڵە جاویدە
یادگار و ئەسەری ناهیدە
ڕەببی ویش وەک گوڵەکەی دڵشاد بێ
لە دەسوبردی خەزان ئازاد بێ