کەری ونبوو
«وەرگێڕاوی شیعری «خر گمشدە» فخرالدین عراقی»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
658 بینین
وام بیستووە عاشقێکی دڵباز
ئەندەرزی ئەدا لە خاکی شیراز
ڕۆژێ چووە سەر قەراخی مینبەر
بۆ شەرح و بەیانی عیشقی دڵبەر
زۆر باش بە دڵێکی ئاگرینی
سووتانی دڵانی هاونشینی
ناکاو نەفەرێکی لادێی گێژ
هاوڕاز و ڕفێقی گا و گوێدرێژ
قێڕانی: وتی مەلا بەسە قسە و باس
تۆخوا وەرە هەروەکوو برای خاس
لێم گووم بووە یەک کەرێکی زۆر چاک
نیمە نە خەو و قەرار و خۆراک
فەرموو بە جەماعەتێ کە لێران
بمداتەوە ئەم کەرەم بە خێران
شێخ ئاوڕی دایەوە برای من
دانیشە کەمێ بە سەبر و هێمن
ئەو وەختە بە دەنگی بەرز و دڵگیر
ڕووی کردە جەماعەتی حازری پیر
کێیە لە جووان و پیری مەجلیس
عیشقی نەدیوە و نەبووە هەرگیس
کابرایێکی بۆزی لاری سەگسار
هەڵسا لەنێوان و هاتە گوفتار
من تاوەکوو ئێستە بۆ نموونە
نەمزانییە عاشقی چلۆنە
شێخ خوڕییە جوان نەقیزە بێرە
ئاوا کەرەکەی ئەتۆیە لێرە
هەرکەس کە لە عیشق بێخەبەر بێ
هەروەک کەرە لێگەرێ کە کەر بێ!