ئادەم و حەوا
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
3 خولەک
1471 بینین
وەختێ کە ئادەم لە بەهەشتی پاک
بە ناڕەحەتی فڕیاندا سەر خاک
هەر تەنیا خۆی و دایکە حەوا بوون
یەکجار ڕووت و قووت زۆر بێ ئەنوا بوون
گوێلێ گەنمیان کرد بوونە مشت
کە هەڵیگرن بۆ خواردن و کشت
ئادەم لە داخی شەیتانی مەککار
گێلێنگی ئەخوارد لەداخا وەک مار
وتی بە حەوا: داماوی زەلیل
کوا هاڕەهاڕی جۆگەی سەلسەبیل؟
کوا شەکراوەکەی حەوزەکەی کەوسەر
کوا خەوتنی وشک و کوا خواردنی تەڕ؟
کوا سێبەرەکەی دارەکەی تووبا
کوا پڵاو و گۆشت و جووجە و مرەببا
ئەونەم ئارەق کرد بووم بە چۆڕێ ئاو
چۆڕێ ئاو بێنە زەلیلی داماو
ئەمە گشت پەند و وەسوەسەی تۆ بوو
فریوم خوارد و دینم لەدەس چوو
حەوای دڵڕفێن زوان تەڕ و پاراو
چاوی دەرپەڕان لێهاتە جوواو
وتی: دەک خوا بەزیادی نەکا
بۆ ئا ئەم بەشەی دای بە من خوا
ئیتر کەم بێژە درێژی نەفام
هەر خەتای تۆ بوو منیش دەرکرام
من وتم گەنم با بخۆین زۆر کەم
تۆ خۆت بە لاگوێل ئەتخنانە دەم
تۆ خۆت زۆرت خوارد ئەمن بێژم چی
ئەونەت خوارد هەتا خۆت پیس کرد ئیهی
ئادەم بەم قسە دنیای لێ تاڵ بوو
وەک ماران گەستە کەوتە هاتوچوو
دەرد و برینی لە نۆ کولیاوە
لەتاو دەرد و خەم هەر ئەتلیاوە
وتی ڕاس ئەکەیت حەوا من کەرم
مێشکی تیا نییە تەواوی سەرم
بێژم چی ئافرەت شێت و ڕسوا خۆم
خەجاڵەتباری قاپی خودا خۆم
بە قەولی ژنێ بێوەفای وەک تۆ
خوام ڕەنجان لە خۆم خۆم کرد ڕەنجەڕۆ
ئێستەیش ژنی خۆم چووە لە دەس چوو
هەڵسین بۆ کار و هەوڵ و هاتووچوو
زەوی هەڵکەنین گەنم بچێنین
بەم حاڵە هەرچۆن بێ بسا چێنین
لە گەرما و سەرما و تریشقە و باران
بچینە پەنای ئەشکەوت و غاران
هەوا هەوڵیدا دەرچێ لەژێر کار
هەت تەنیا ئادەم بخاتە ژێر بار
وتی: تۆ پیاویت ملئەستوور و زل
من زەعیفەیەک ماندوو و شل و ول
ئەم لێقەومانە وەهای لێکردم
ناتوانم تەکانم بخۆم ها مردم
ئادەم مەردانە لێ گرمان وەک هەور
وتی: بێ حەیای فێلبازی دەم چەور
منت لە بەهەشت دەرپەڕان بە فێڵ
ئیستەیش خۆت داوە بە عەرز وەک دێڵ
بە زۆر و خواهیش حەوای خستە کار
بە ئاوداشتن و دروێنە و بژار
بەڵام ئاخری هەر جنسی حەوا
بە نووشتە و سێحری مالووم و مەلا
خۆی لەژێر کار و کاسبی دەرکرد
جنسی ئادەمی هەر موسەخخەر کرد
ئاخ بۆ پیاوێکی ئازا و کوڕی کار
ژنی وەک ئەوەڵ ئەهێنا ژێر بار!