یادێ لە مەرگ

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  831 بینین
زاڵم ئەم جارە نۆرەی زەواڵە
ناڕەحەت مەبە و مەیکە بە گاڵە
دنیا تاکوو سەر بۆ کەس نامێنێ
خۆشی ئەبەدی بۆ کەس مەحاڵە
***
ئەگەر کۆڵەکەی قەسرەکەی زێربێ
دەس بۆ شەڕ بەرێ هەموو هەر خێر بێ
ئەگەر زۆرزان و ژیر و زۆردارە
ئاخری مەرگە ڕێوی یا شێر بێ
***
دوێشەو کۆمەڵێ خزمانی مردوو
دەوریان دابووم لە خەوما هەموو
دایک و باوکم و برا ئەیانوت
وەرە ناو کۆڕمان درنگە سا زوو
***
برا وادیارە ئەجەل نزیکە
لە دەور و پشت و هاوسێ نزیکە
کاتێکت زانی کە شابازی مەرگ
چنگی ڕاهێشت و لێیبڕی جیکە!