وەسیەتی ئاخر نەفەسی عەلیخان
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
791 بینین
لە ئاخر نەفەسیا دەمی گیانەڵاو
بە ئەندەرزی کوردانە هاتە جواو
وتی باش نییە گەورەکوشتن ئەمین
کە گریانی لە شوێنە هەر پێکەنین
ئەمەش کاری دنیایە بازاڕی مەرگ
گۆزەرگایە بۆ پیاوی خوێڕی و بەجەرگ
لەبۆ من گەلێ ئیفتیخارێکە بەرز
کە پیاوێکی وەکوو تۆ منی خستە عەرز
ئەتۆیش خوا ئەزانێ نەفەسهەڵمژێ
چ بێکارە و خوێڕیێ ئەتکوژێ
بەڵام وا ئەمن مردم و چووم لە دەست
گیانم فیدای کوردی میهەنپەرەست
ئیتر ئێوە و زاتی یەزدانی پاک
کە ئەم کێشەیە خستە سەر پشتی خاک
یەکێ بن ئیتر بەسیەتی دوودڵی
بتانبێ لەگەڵ یەکتری تێکەڵی
وەفا نابەسێ ماڵی دنیا بە کەس
لە ئەووەڵ وەها هاتووە دەس بە دەس
هەموو کاری دونیا ئەدا پێچ و دەور
وەکوو گەردشی با و باران و هەور
لە قەڕنی یەک و دوو هەتا قەڕنی سێ
فەقەت ناوە ئەو چشتە مابێ بەجێ
بەجارێ هەموو دەس بەنە دەسی یەک
بە علیم و بە عەقڵ و بە ماڵ و بە چەک
هەتا میللەتی پەستی خۆ بەرزئەکەن
هەموو پاسی یەک مەنتیقە و مەرز ئەکەن