من ئەومە
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
2 خولەک
742 بینین
من ئەومە باوکم زۆر مەلاچاک بوو
مامەم پیاوێکی ئازا و بێباک بوو
پشتاوپشت جەددم شێخ و مەلا بوون
ناودار و جەسوور زرت و ئازا بوون
باوکی دایکیشم شێخێک بوو زۆر قورس
بەڕێزیان ئەگرت کورد و تورک و فورس
خاڵۆم سەدهەزار پەیڕەوانی بوو
هەزاران نەفەر سەناخوانی بوو
کیشوەرم ماوەی شەش هەزار ساڵە
ئەمریکا هێشتا کاڵە و مناڵە
من ئەومە کە ڕۆسەم لە مازندەران
ئیفتخاری بوو بۆ خاکی ئێران
من ئەومە کاوە و فەرەیدوونی پاک
کوردی نەجات دا لە زوڵمی زەححاک
من ئەومە کە خۆم پووچ و بێکارەم
سەرخۆش و مەستی ئەم ئیفتخارەم
من ئەومە ئێستە وەک مەلا مەحموو
گوێقوتم بڵێن دە فەرموو فەرموو
من ئەومە خۆم و قەوم و براکەم
خاڵۆ و ئامۆزا و مەتیەزا و کاکەم
لە سایەی فیز و ئیفادە و دەمار
بووین بە جێی تیر و تانەی ڕوزگار
من ئەومە ئێستا کە ترسەنۆکم
بێ سەوادم و لای خەڵکی سۆکم
من ئەومە ئێستا کە شاری سەقز
زۆریان برسین و بێچارە و سەرکز
من ئەومە ئێستا لە خۆ مەئیوسین
هەر چاوەڕوانی ئەمریکا و ڕووسین
من ئەومە ئێستا هاوشارییەکانم
سکاڵا ئەکەن ڕووت و بێ نانم
من ئەومە ئێستا جوانی باسەواد
لە بێکاریا دادیە و فەریاد
من ئەومە هێشتا کە خەڵکی ناوشار
هاوارییە لەدەس پۆلیس و ژاندار
من ئەومە کە زۆر، زۆر ناتەواوین
تازە خەریکی تەئمینی ئاوین
ناتوانین دڕکێ لە پێ دەربێنین
بەڵام بە تڕان گۆزە ئەشکێنین