نامەی موفتی پێنجوێنی بۆ نافیع مەزهەر
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
976 بینین
نافیع چاوەکەم هەروا دووربەدوور
عاشق بووم بە تۆ وەک سۆفی بە نوور
قانع کە فەرمووی تەرجەمەی حاڵت
دڵ یەکسەر پڕ بوو لە عەیش و سروور
منیش هەروەک تۆ نەحو و سەرف ئەکەم
مەحوی کردەوە تا بە نەفخی سوور
نەجات بووم لەدەس نانی ڕەزاڵەت
لە پاڕانەوەی میمک تا بە پوور
لە ئارەق ڕشتن بەر دەمی حاجی
لە هەڵوێسانی بەر درگا و تەنوور
لە کەوشی چەکو لە دەرپێی چڵکن
لە سووڕانەوەی دەشتی شارەزوور
نەبووم بە مەلای نەوێ و بەردەبەل
ڕادیۆم چەقەڵ بێ شەو بە لوورەلوور
بووم بە تووتنچی بێ منەت ئەژیم
عەتری دووکانم ئەڕوا وەک بخوور
نیم لەژێر حوکمی گەورە تا بچووک
سەد خۆزگەی بەخۆم ئیمامی تابوور
کەوشی پیناوی و گڵێنە و کاسەم
بوو بە قۆندەرە و پەرداخی بلوور
دڵ پڕ لە داخی ڕاتووی پاییزم
دایم ئەخوێنم شوکر بەکو لوور
باڵدار بوومایە ئەهاتم بۆ لات
قەسەم بە چاکی پاکی پیرمەسوور
گەر موفتی دەردی دڵی بەیان کات
تەواوی ناکات تەوڕات و زەبوور!