جوتێک کۆتر و بۆقێک

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  712 بینین
جوتێک کۆتری نێر و مێ
ئەگەڕان لە گوێ چەمێ
بۆقێکی جوانی سەر سەوز
ئەیقیڕان بە دەنگی بەرز
کۆترەکان حەزیان لێ کرد
تێر و پڕ گوێیان شل کرد
سەری خۆیان بۆ لەقان
بە باڵ چەپڵەیان تەقان
بۆقەکە ئەوەی زانی
بوون بەهاودەمی گیانی
زۆر خۆشیان ئەبردە سەر
خۆشی بۆ کێیە تا سەر؟!
ڕاوکەر شوێنی هەڵگرتن
جێگایان پێ تاڵ کردن
ئەفڕین، دوور ئەکەوتنەوە
ناچار بوون بگوێزنەوە
بۆق کە بیستی، بەگریان
وتی هەریەم لەگەڵتان
دارێ یەکی سەرێکیان
بۆق خۆی هەڵواسی بەدان
بەشەقەی باڵیان فڕین
بەسەر شارا تێ پەڕین
بوو بەهەڵڵا لە شارا
وتیان چۆن بۆق باڵدارە
بۆق هات دەم بکاتەوە
خەریک بوو جواب باتەوە
دەمی بەربۆوە لە دار
سەرنگرێ بوو کەوتە خوار
هەپروون بەهەپروون بوو مرد
تێر سەیری دنیای نەکرد
ئەمە حیکایەتێکە
بۆ پەند و عیبرەتێکە
یەعنی ئەبێ هەر کەسێ
لەگەڵ وەک خۆیا هەڵسێ