یەکیەتی

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  687 بینین
پیاوێ کە خاوەنی حەوت
کوڕ بوو، جارێ نەخۆش کەوت
وتی: ئاخری عومرم
هاتووە ڕەنگە بمرم
واچاکە هەتاکو هەم
کوڕەکانم تەمێ کەم
ڕێیەکیان نیشان بدەم
نەکەونە میحنەتە و غەم
ئەمجا ڕۆژێ لە ڕۆژان
بانگی کردە هەموویان
لەلای خۆیەوە داینان
کەوتە وەعز و تەمێیان
باقەیەک داری دانێ
وتی کامتان ئەتوانێ
ئەم دارانە بشکێنێ
هونەری خۆی بنوێنێ
ئەوانیش لێیان وەرگرت
قسەی باوکیان لە گوێ گرت
هەوڵیان دا بۆ شکانی
بەڵام هەر نەیان توانی
باوک لێی وەرگرتنەوە
باقەکەی بۆ کۆکردنەوە
هەریەکە دارێکی برد
زوو شکاندی دەست و برد
ئەمجا باوک ڕووی تێ کردن
وتی ڕۆڵە گوێ بگرن
ئێوەش گەر لەم ژیانە
جیابن وەک ئەم دارانە
شکاندنتان زۆر ئاسانە
پاشەڕۆژتان پەرێشانە
بەڵام ئەگەر لەسەریەک بن
دەرەقەتتان نایە دوژمن
هەمیشە بەرز و ڕوو سوورن
سەربەست و شاد و مەسروورن