تۆ چیت؟ من کوردم!

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  882 بینین
تۆ چیت؟ من کوردم نەتەوەی گوردم
خۆ ترسنۆک نیت؟ حاشا نەبەردم
چی تۆی لەناو برد؟ دوو دڵی و نیفاق
چۆن ڕزگار ئەبی؟ هەر بەئیتتفاق
بڵێ چیت ئەوێ؟ بەرزیی وەتەنم
بەخۆڕایی نا، بەگیان و تەنم
چیت لە بارایە؟ خۆ فیداکردن
بۆچی؟ لە ڕێگای میللەتا مردن
کوا، چەکت چییە؟ سەودای وڵاتم
ئەی پشتیوانت؟ عەزم و سەباتم
ڕاستت پێ بڵێم؟ فەرموو گوێم لێتە
بەقسەم ئەکەی؟ سەرم لە ڕێتە
بەڕاستی و پاکیی هەوڵ و تێکۆشین
لە کورسی و کینە و درۆ چاو پۆشین
ئەمانەت نەبێ کارت زۆر لەقە
بەشت هەمیشە نەگبەتی و شەقە