شینی پانتۆڵەکەم

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1064 بینین
نەگبەتم دائیم لە دنیا، دەوڵەت و مایەم زیان
گیرەوەی قەهر و مسیبەت عاجز و هەم دڵ فوغان
نەگبەتی وا بۆتە جووتم تووشی سەد دەردم ئەکا
سەیری کە چیم هات بەسەردا موختەسەر ئەیکەم بەیان
من کە پانتۆڵێکی شەعریم دەسگیر بوو داخەکەم
زەڕڕەیەک خێرم نەدی لێی بای موبارەک ڕای فڕان
ئاهـ چ پانتۆڵێکی نایاب بوو لەبەرما بێ نەزیر
ساف و بێ چرچ و بێ عەیب قیمەتی بیست سی قڕان
موددەتی دوو ڕۆژ لەپێم کرد و گەلێ پێوەی گەڕام
جا لەناو خەڵق و ڕەفیقان تێر و پڕ خۆمم نوان
عاقیبەت هەر چاوی بەدبوو کاری لێ کرد و نەما
داخی دەرناچێ لە دڵ بەخوا هەتا ئاخر زەمان