بەبۆنەی بۆمبای ئەتۆمەوە
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
1 خولەک
1654 بینین
داخەکەم بۆ ئەو زەمانەی ڕووی زەمین
وەک بەهەشت بوو پڕ لە خۆشی و پێکەنین
بێ تەماع و بێ درۆ و خاڵی لە قین
دڵنیا و، دووربووین لە ئۆتۆمی لەعین
تف لە عیلم و سەنعەت و سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا
یادی تۆ ئێستا لە دڵ خەم لائەبا
***
عیلمە ئێستا بۆتە مایەی دەردی سەر
عیلمە بۆتە واسیتەی مەحوی بەشەر
عیلمە تەسخیری ئەکەن هەر بۆ زەرەر
عیلمی چی؟ وابێ. هەزار خۆزگەم بەکەر
با وجوودی ڕادیۆ و شەمەندەفەر
تف لە عیلم و سەنعەت و سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا
یادی تۆ ئێستا لە دڵ خەم لائەبا