تووشی لافاوی عیلمم بووم...
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
1 خولەک
4003 بینین
تووشی لافاوی عیلم بووم و بەڵام زوو دەرپەڕیم
سواری وا پۆڕی جەهل بووم و بەناویا تێ پەڕیم
سەد شوکر ئۆخەی نەجاتم بوو لە باسی عیلم و فەن
نامگرن جارێکی تر بۆیە لە کەیفا هەڵپەڕیم
گەرچی تا ئێستا وتوومە! تێ بگەن زوو پێ بگەن
بەو قسانەم قەتعییەن باوەڕ مەکەن، سەگ بووم وەڕیم
خوێندەواری شێتییە، هەر جەهلە ئینسان سەر ئەخا
گەر لەمەولا ناوی عیلمم برد بزانن سەرسەریم
هێندە تەعقیبی هەقم کرد تاکوو نانی خۆمم بڕی
سووک و ڕیسوا بووم لەناوا گیرەوەی ئاخر شەڕیم
من کە زانیم حاڵی زانا نەفیە. حەپسە- یا شەقە
هەر کیتابێکم هەبوو دوێنێ لە داخانا دڕیم
پیاوی دانا عەقڵی دانا زانیی بۆی ناچێتە سەر
بەرگی نادانیی لەبەر کرد بوو بە خاوەن زێڕ و سیم
شەرتە کەر بم بارە گوێزم لێ بنێن خڕڕەی نەبێ
با دەمێ زۆر و کەمێ وەک بێ غەمێ بۆ خۆم بژیم