شۆری بێکەس

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  634 بینین
دڵێ تەر نەبێ... دڵێ تەڕ نەبێ
دڵێ لە خۆیا دائیم تەڕ نەبێ...
سەرخۆشی بادەی ڕووی دولبەر نەبێ
بە جامی شەراب کەیل و مەستی کەی
خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی
***
دڵێ هێلانەی عەشقی یار نەبێ
بەتیری نازی بریندار نەبێ
کوشتەی دوو دیدەی پڕ خومار نەبێ
بەجامی شەراب نەشئەی پێ بدەی
خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی
***
دڵێ کە کانگای مەعریفەت نەبێ
سەرچاوەی عەشق و موحببەت نەبێ
ڕەهبەری ڕێگەی حەقیقەت نەبێ
بەجامی شەراپ جیلوەی دەربخەی
خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی
***
دڵێ دووچاری خەفەت نەبووبێ
بەشمشێری عەشق لەت لەت نەبووبێ
پەروەردەی دەرد و میحنەت نەبووبێ
ئاواتی نەبێ غەیرەز مەی و نەی
خوایە ئەو دڵە دائیم پەستی کەی...