ئەلەکتریکی سلێمانی
ئەم هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٣٠ دا بەبۆنەی دامەزراندنی مەکینەی کارەبا لە شاری سلێمانی دانراوە
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
1 خولەک
954 بینین
لە تاریکی نەجاتی بوو سولەیمانی تەماشاکە
جلووسە بەزمە سەیرانە شەوی وەک ڕۆژی ڕووناکە
تریفەی کارەبا ئێستا لەناو حەوز و درەختا وەک
تریفەی مانگ و ئەستێرە شەوانی سایەقەی پاکە
لەسەر تاسلووجەوە سەیری نزارەی ئەم چراخانە
بکە، بێ شک ئەڵێی پاریسە موکمەل شارە ئێستاکە
لە زوڵم و وەحشیەتی زوڵمەت ئەوا ڕزگار بوو خەڵقی
سوپاهی نووری عادیل وا هجوومی کردە ئەم خاکە
وەکو کۆڵان و سەرجادە و کون و قوژبن منەوەر بوو
دەماغ و فیکر و مێشکمان وەها تەنویر بکەین چاکە
حەکیمی زەخمی ئەم کوردە بگاتە عیلم و عیرفانی
لەژێر باری غەم و وەحشیەت چەماوە پشتی هیلاکە
بەعیلم و یەک دڵی ئەوسا ئەگەینە ڕوتبە و پایە
بەتەنها میللەتی یەک دڵ لە دنیا حوڕ و بێ باکە
نیفاق و کینە دەرحەق یەک هەتاکەی بەسیە وا مردین
خوایە تەفر و تونا بێ ئەوی دڵ پیس و ناپاکە!