قومار

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  892 بینین
وا سلێمانی گشت ئینتیزامی
هاتە سەر باری «پۆکەر» و «ڕامی»
بڵاوبۆتەوە لەناو خاس و عام
«جۆکەر»یان کردە وێردی سوبح و شام
گەر بێ خەبەری لەم ئەحواڵانە
شەوێ بچۆرە ئەو چاخانانە
ئەوسا ئەبینی لە هەموو لایەک
هەر چەند کەسێکە و چۆتە پەنایەک
دەوری قاقەزیان داوە و دانیشتوون
بۆ وەسڵی جۆکەر شێت و شەیدا بوون
خەریکی یارین هۆشیان نەماوە
ملیان کووڕ بووە و پشتیان چەماوە
هەر تەق و هووڕ و هەرا هەرایە
سەیرێکی خۆشە وەک سینەمایە
بەڵێ درێغا ئەم قەومی کوردە
بۆ شتی بێ فەڕ بەدەست و بردە
نیفاق و درۆ و جاسووسی و قومار
تێیا ماهیرن وەکوو دانی مار
***
ئەمجا بابێینە سەر یاریکەران
هەر دەستە بەجیا بۆت ئەکەم بەیان
تاقمی مەئموور سدارە بەسەر
لێی تێکەڵاوبوون وەک چێشتی سواڵکەر
یەکێ مودیرە، یەکێ موحاسیب
یەکێ موعەللیم، یەکێ باش کاتیب
ئامیر لەوێدا وەکوو مەئموورە
کۆڕیان گەرم ئەبێ بەوێنەی کوورە
لە ئەوەڵی مانگ تا پێنج و شەشی
لەسەر پارەی زۆر ئەکرێ دوو بەشی
بەڵام کە وەختێ مانگ هەشت و نۆ بێ
کیسەی چۆڵ ئەبێ هەر خۆی بەخۆی بێ
پارە قەرز ئەکا دائیم لەم و لەو
لەبەر قەرزاری هیچ نانوێ بەشەو
گیرفانی سووک و پاک و تەمیزە
قەرزار و موفلیس پەست و سەرحیزە
ئەمە کردەوەی لاوەکانمانە
کەوا کوردستان چاوی لەوانە
***
تاقمێکی تر ئەویش توجاڕە
یاخود کەسەبە و ئەهلی بازاڕە
بە ڕۆژ هەوڵ ئەدەن بەو حاڵە پیسە
بە هەزار حاڵ و سوێند و دەسیسە
دەستی خەڵک ئەبڕن شتێ ئەفرۆشن
شەویش بۆ یاری وەها بەجۆشن
***
لێکی بەرەوە چاکی بزانە
ئەمە ئەحواڵی موجتەمەعمانە
من مەنعی یاری ناکەم بەکوللی
با بکرێ ئەمما بەموعتەدیلی
ئێمە قەومێکین وا لەژێر بارین
حەیفە ئەوەندە خەریکی یارین
با جارێ خۆمان دەرکەین لە زیللەت
ئەوسا دەست دەینە قومار و عوشرەت