داد لە دەست تیاترۆ!

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  1212 بینین
خەیاڵ و عەشقی تیاترۆ، فایقناسناوی ئەدەبیی کردووە پەرێشان
مەراق و دەردی کەم بوو، ئەویشی هاتە سەر شان
جاران غەمی ورگم بوو، ئێستا لەوەش ترازا
تالیبی بەزم و ڕەزمم، مائیلی چاڵغی و کەمان
نازانم هەوڵی چی دەم، هەوڵی قووت و ئیدارە
یاخود بۆ پارەی تیاترۆ بکەومە ساختە لێدان
حاسڵی تووشی داوێ بووم نییە ڕێی نەجاتم
دائیم مەحزوون و موفلیس هەمیشە مات و حەیران
بەڕۆژ شان و قۆڵ ئەکوتین، سا هەرچێکمان دەس کەوێ
شەوێ تەسلیم بە «نۆبار» ئەکرێ و ئەیخاتە گیرفان
خۆ ئەوەندەش نەگبەتم هەر ئەچمە ڕیزی ئەووەڵ
ئەڵێم گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشە بۆ ئینسان
بەو ڕەنگە ماڵی باوکی خۆم کاول کرد بەجارێ
وەها پەڕپووت و لات بووم بۆ پولێ ئەچمە ئاسمان
خێرێ کە ئەم عالەمە ئەیدەنەوە بۆ «نۆبار»
باوک بۆ ئەولادی خۆی نایداتەوە بەیەزدان
پارە و پوولمان لێ بڕا، کەوتینە ماڵ فرۆشتن
تەنیا لێفەمان ماوە، ئەویش ئەخرێتە مەیدان
کارێ ئەم تیاترۆیە کردی بەم ئەهلی شارە
با بە دەواری شڕی ناکا ئەبەد ڕەفیقان
ئەڵێن دنیا ئەمینە نەما چەتە و درۆزن
کەچی ئێستاکە زیاتر چەتە کەوتۆتە ناومان
فەرقی «نۆبار» و چەتە ئەبێ چی بێ برادەر؟
ئەوی کە «نۆبار» ئەیکا، نایکا چەتەی بەسەزمان
سیڕڕێکی زۆر عەجیبە گەر تێ فکری بە دیققەت
مەحوی وڵاتت ئەکەن هێشتا مەمنوونی لێیان
خوڵاسە کەس نەماوە تۆپی ئاگر نەدابێ
مەئموور: قەرزار و موفلیس، کاسب: حەزین و گریان
خوانەخواستە وەزعییەت بەم نەوعە بێ هەتا سەر
هەموو لەبەر بێ نانی بۆ سواڵ ئەچینە شاران
هەتا زووە عیلاجێ ئەمانە لێرە دەرکەن
وابێ بەرگە ناگرین، ئیتر ویجدانی خۆتان!...