بەهاری زەرد

بۆ لەیلا قاسم
لە کتێبی:
بارگەی یاران
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 1 خولەک  2172 بینین
هەمیشە دەرد دەبینم دەرد دەبینم
درۆی دوژمن، دەهۆی نامەرد دەبینم
مەگەر زەردایی ناکەن چاوەکانم
کە ڕەنگی نەوبەهاری زەرد دەبینم
***
بە سۆزەی با کە سکڵی دڵ گەشاوە
دەروون پڕسۆز و فرمێسکم خوناوە
لەدووی لەیلا بە واوەیلاو و شیوەن
دەڕۆم و پۆلی شینگێڕم بە دواوە
***
بزەی هاتێ گوتی: ڕووناکە ئاسۆم
وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نییە مێداڵی ئیفتیخارە
کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم
***
ئەوەی بیست شاعیر و گریا بە زاری
ئەگەرچی بەسترابوو لێو و زاری
گوتی: لەیلا هەمیشە پایەداری
لە ژێر خاکا لە پێش چاوان دیاری
***
کە تۆ تۆرای لە چاوان وەک خەوی من
لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من
بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە
کە ناوبانگی پتر ڕۆیی ئەوی من