دەردی دەروون

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1840 بینین
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک، بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم ورد و درشتی شێت و شەیدای ئانەیە
سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە
پیاوەتی لایان بەتەنها چەفتە و جامانەیە
بۆ قسەی زل بێ قسوورن، باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆچی، با قسەی شێتانەیە
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستقلال ئەگا
واسیتەی بەرزی و تەرەققی هیممەتی مەردانەیە