دەمێکە دڵ ئەسیری حەلقەیی زوڵفی خەمی خاوە

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  847 بینین
دەمێکە دڵ ئەسیری حەلقەیی زوڵفی خەمی خاوە
تەمەع بۆ دانەی خاڵی بوو نەیزانی کەوا داوە
لە عەشقا عاقڵی مەجنوونییە مەجنوونە عاقڵ بێ
ئەوەی دانایە ئەیبینم سەری لەم ڕێگە داناوە
هەوا نافەی خوتەن ئەڕژێ، سەبا عەتری یەمەن دێنێ
مەگەر دولبەر سەری زوڵفی بەدەم بادی سەبا داوە
گڕان باری لە ڕەفتارا سەبەب زوڵفی بوو نەمزانی
ئەڵێی ڕەش مارە وا پێچی بە دەوری سەروی قەد داوە
لەهەر ڕێگا گریبان گیرمە غەم مۆڵەتم نادا
جودا نابێ لە من یەکدەم ئەڵێی قەرزی بە من داوە
حەیاتم چونکی تەعلیقە بە خەندەی غونچەیی زارت
تەبەسوم بۆچی پاکەی خۆ قیامەت پردی نەپساوە؟
وتم قوربان پەرێشان بۆ ئەکەی زوڵفت بە عاریزدا
پەرێشانن هەموو عالەم ئەڵێن وا ڕۆژە گیراوە
بە خەندە دەستی نازی بردوو ئەگریجەی بەلادا دا
ئەگەر زوڵفی باڵاداوە وەلی بۆ دڵ بەڵاو و داوە
برۆت میحرابی تاعەتمە جەماڵت قیبلەیی دڵمە
لە کەعبەم چی لە بۆ سەجدە کە من قیبلەم نەگۆڕاوە
بە خادیمناسناوی ئەدەبی یا بە دەربانی قبووڵم کەی لە دەرگەی خۆت
بە قەتعی نامەوێ من چیم لە گوڵزاری جینان داوە؟