ئەو کەسەی پایەی لە عەشقا دەست ئەکەوت پەروانە بوو
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
1 خولەک
904 بینین
ئەو کەسەی پایەی لە عەشقا دەست ئەکەوت پەروانە بوو
کەس وەکوو ئەو بۆ نیساری جانی بێ پەروانە بوو
بولبولیش هەر چەند کە لافی عیشقبازی لێ ئەدا
تا لە ئاخردا تەماشام کرد کەچی ئەم وانەبوو
دڵ کە حەلقەی زوڵفی زنجیری نیگاری دی بە چاو
ڕوو لە سەحرایی جنوون بوو عاقیبەت دێوانە بوو
ڕوو لە مەسجید بووم لە شەودا بۆ عیبادات ودوعا
دیقەتم کرد من لە ئاخر گۆشەیی مەیخانە بوو
تابە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا بکەم
تا سەحەر کارم لەگەڵ ساقی و مەیی و پەیمانە بوو
مەوجی نووری جیلوەیەکی دا بە دیرو کەعبەدا
ئاگری سنگی سەنەم شەمعی ڕوخی بتخانە بوو
گەر دۆشی مەی نەشئەیەکی وا بە شەمعی جەمع دا
لەم خومارەی من قەدەح وەک گەردۆشی پەیمانە بوو
ماتەم و سوورم لە عەشقا دەست لە ئاغۆشی یەکن
خەندەی مینایی مەی لەم گریەی، مەستانە بوو