بیکەین بە جەمهووری

لە گۆڤاری نیشتمان، ساڵی یەکەم، ژمارە ۵، ڕێبەندانی ۱۳۲۲، ل ۱۹ و ۲۰ بڵاو بووەتەوە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
 2 خولەک  1012 بینین
لە ڕۆژنامەی مودیری کەج مەداری چەرخی شەفتووری
ئەنووسێ ڕۆژی کوردی کەوتە ئەوجی بورجی بێنووری
بوخار و دووکەڵی بێ ئیتیفاقی و سووئی ئەخلاقی
موجەسسەم بوو بە هەوری نەگبەت و ڕۆژ کەوتە مەستووری
لە بەر بێ فکر و ئیقدامیی ڕەئیسانی عەشایر بوو
کە ڕۆژن بۆتە زوڵماتی شەوی تاریکی دەیجووری
هەموو میللەت گەیشتنە مەنزڵی مەقسوود و خوشنوودی
فەقەت کوردن بە جێماون بە مەحڕوومی و مەهجووری
عەزیزم ئفتیخاری خارجی هەم عیلمە هەم سەنعەت
بە میلیۆن و بە فرسەخ تۆ لە عیلم و مەعریفەت دووری
تەماشاکە لەبەر شوعلەی چرابەرق و ئەلەتریکی
کورەی ئەرزی هەموو یەکپارچە بۆتە یەک کورەی نووری
مەگەر تۆش هەر بە پشتێندی زل و پێچ و شەدە و هەوری
بنازی بیکەیە ئەسبابی کیبر و فەخر و مەغرووری
برا بیری چرایێکی بکەن تاریکەشەو دادێ
قیامێکی بکەن تا فرسەتە بیکەن بە جەمهووری
کەسێ میللەت پەرەست و خاوەنی فکر و سیاسەت بێ
تەڕەققی میللەت و ئاسایشە مەقسوود و مەنزووری
یەقینت بێ لە باوەش ناگرێ قەت شاهیدی مەقسوود
هەتاکوو پێ نەنێتە موڵکی ئازادی بە مەسرووری
وە دەستت ناکەوێ ئازادی و شادی بە ئاسانی
کە هەنگوین ناخورێ بێ ئێشی ڕێشی نێشی زەنبووری
هەتا مابێ لە سندووقی سەر و سینە و دەماغتدا
لە بادەی غەفڵەت و کیبر و نیفاق، ئاساری مەخمووری
هەتا زنجیری مەحکوومیت لە دەست و شان و ملدا بێ
نەپۆشی تا لیباسی شیبهی کافووری بە مەجبووری
لە پێش چاوی هەموو عالەم چرووک و سووک و مەهتووکی
لە نێو جەمعی میلەل بێ ئیحترام و قەدر و مەنفووری