ئەم بەهارە ڕوخی تۆ کولفەتی پەیدا ئەکا

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  848 بینین
ئەم بەهارە ڕوخی تۆ کولفەتی پەیدا ئەکا
وەک حەنا ڕەنگی گرانی سێبەری پەیدا ئەکا
هێندە تێکەڵ بوو وجوودم وا بە سەودایی جنوون
ویسعەتی دامانی داغ ئیجادی یەک سەحرا ئەکا
غەمزەیی وەحشی مەزاجی بۆ دڵی زامداری من
زەخمی ناخون فیکری مەوجی هەروەکو دەریا ئەکا
هەرچی مەوجوودە هەمووی غەرقە لە گێژی وەهم وزەن
موددەتێکە جۆشی دەریا مەوجی خۆی باڵا ئەکا
جینس دەردی بێ کەسی لەم بازارە بێ قیمەت نییە
مایەیی بیستن ئەبینم ناڵەیی سەودا ئەکا
عەقڵی بێ تەدبیر ئەوا خەجلەت کەشی هیمەت بووە
ئەی جنوون ڕەحمی خێرە وا خادیمناسناوی ئەدەبیت ریسوا ئەکا