دڵم لەم بەزمەدا جۆشی گوڵ و موڵ
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
1074 بینین
دڵم لەم بەزمەدا جۆشی گوڵ و موڵ
مەی ئەڕژا لێی وەکو مینا بە قلقل
لەجۆشی شەوق سڕبوو بێخودی ناز
دەماغی مەستی بەزمی ساغری ڕاز
هەموو گوڵزارە ئەمما کوانێ ڕەنگی؟
هەموو زەخمە وەلی کوانێ خەدەنگی؟
دڵە لەم داغە ئاتەشخانەیەکە
لە بەیانی نەفس دێوانەیەکە
کە لەم ئایینە شەوقی کەوتە پەرواز
هەموو ئیمسال ئەبێتە سوورەتی ڕاز
لەجێگایی نەسیم ڕەنگێ بکێشێ
لەپەردە ڕەنگی سەد گوڵزار ئەکێشێ
لەحەد دەرچوو قەدەح پەیمانی حیرەت
تەڵەبکاری چووە مەجنوون لە غیرەت
بەسەر چوو موددەتی غەفڵەت زەمانی
بە دەرکەوت ڕۆژ لە جێگاوو مەکانی
لە بەیتا بێ تەڵەب دامن فشان بوو
لە بەر بێ تاقەتی فکریش عەیان بوو
لە مەحوی تۆیە جۆشی نەوبەهاری
لە سووتانی جگەرتە لالەزاری
زەلیلی و خاکساری ڕێیە ویساڵی
دڵە پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی
ڕووی ڕێگەی نییە بۆ مڵکی وەحدەت
تووی بێگانەیە بۆ ڕێی محەببەت
لەهەر مەحفەل کە شۆری حوسنی جەمعە
لە پێ کەوتن میسالی ئەشکی شەمعە
ئەگەر چاوت لە دوو عالەم بپۆشی
شەڕابی دەستی ساقی زوو ئەنۆشی
تەلەب بێ کارە لەم کارە هەبایە
نەفس بۆ دڵ وەکو خارێ وەهایە
بە سەعی و جەهدی خۆت ناگەیتە مەنزڵ
وەلی ئەتبا بە ڕێگە جۆششی دڵ
بە جەهدی تۆیە ئەم ڕێگایە تاریک
بە تەرکی خوویە ئەم ڕێگایە نێزیک
ئەگەر سەد ساڵ لە حەسرەت دابمێنی
بە تەرکی خۆت ویساڵی ئەو ئەبینی
هەموو کەون و مەکان حەیرانی زەوقت
هەموو جێگە و زەمان شایانی شەوقت
چە غەولێ بوو کەوا تۆی بر بە ڕێگا
چە کوێری بوو کەوا تۆی خستە ناوچا
چە تۆفانی سەموومی بوو لە باغەت
چە دامانی بوو ئاشووبی چراغت
ئیتر ئەم ڕێگە بگرە لامەدە لێی
لە ئەم دامانە دەست قەت بەر مەدە لێی