وەسفی عەشق لەسەر وەزنی مەسنەوی

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  1197 بینین
شەراری ئاگرێکە خامەیی عەشق
بە خوێنی دڵ ئەنووسرێ نامەیی عەشق
چە لەفزێکە لەوا پەنهانە سەد زەوق
چە مەعنایە سەراسەر ئاگری شەوق
وەرە ئەی دڵ بە دیققەت بە لە مەعنا
بخوێنە نوقتەی دەرسی تەمەننا
چە فەیزێکە کەوا لەم نوقتەیی خاک
بووە دەفتەر لە شەرحی ئەو نۆ ئەفلاک
چە ڕەمزێکە کەوا سەترە مەوهووم
دوو عالەم دیقەتی مەعنایە مەرقووم
لە هەرکوێ مەحسەلی لەیلی لەوێیە
لەهەر کوێ لەفزی دڵ مەعنا لەوێیە
مەبە غافڵ ئەتۆ لەم مشتە خاکە
دڵە دڵ جیلوەیەکی نووری پاکە
لە مەشقی ئیستیار گەر بەهرە بینی
لە یەک غونچە هەزار گوڵشەن ئەچێنێ
ئەگەر ئاوێنەی دڵ بێ غوبار بێ
ئەبێ جێگەی پناهی نازی یار بێ
بە شەوقی زۆروو موددەی کەم لە ڕووی یار
کە دەرسی عەشق نییە موحتاجی تیکرار
تەئەممول کە لە ئەحواڵی دەروونی
مەزانە تۆ لە دڵدا زۆر زەبوونی
نەفس دێت و دەچێ تا موهلەتێکە
موژە تا جونبوشی بێ فرسەتێکە
لە موهلەتدا غەنیمەت وەقفی زەوقە
لە فورسەتدا تەماشا موفتی شەوقە
تەڵەب شەرتە لە بۆ تەحسیلی مەقسوود
فرووغی شوعلە مومکین نابێ بێ دود
گوشادە قفلی دڵ مەعلوومە چۆنە
بە میفتاحی لەخۆت غافل نەبوونە
دەبوستانی کە شاهی مەعنەیی دڵ
لە دەرسی عیشق ئاگاهی بوو حاسڵ
وەری گرت دەرسی شەوق ئاهەنگی عەشق
شوناسا بوو خەتی بێ ڕەنگی عەشق
لە ئیسکان چاوی خۆی پۆشی بە یەکدەم
تەبەڕا بوو لە نەقشی هەردوو عالەم
لە قەیدی لەفز و حەرفی دڵ ڕەها بوو
بەبێ حەرفێ لە مەعنا ئاشنا بوو
بە غەیری عەشق دەمسازی نەبوو کەس
بە غەیری دڵ هەم ئاوازی نەبوو کەس
لە ئیستیغنایی عیشقی سەجدەی تەعلیم
بە چاوی بەستە بۆ یەک نوسخە تەسلیم
لە جێگایێ کە حوسن وعیشق بوون جەمع
نەبوو قەت مەحفەلی ئیزهار بێ شەمع
لە هەرچی حوسن و ڕەنگی جیلوە بەستێ
ئەبێ لەم جێگەیە تۆفان هەڵستێ
محەببەت گەر بکا تەمهیدی ئیرشاد
لە سینگی نەقشی شیرین کاری فەرهاد
لە دڵ شەوقی تەلەب هەر گا بووە خوون
ئەکێشێ نەقشی لەیلا و مەجنوون