قەسیدەی بەهار لە وەسفی قودرەتی خالیقی ئەرز و سەما

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 3 خولەک  1239 بینین
سڕوەی نەسیمی سوبحی بەهاری گەڕایەوە
تاریکی ڕۆژی فەسڵی خەزانیش بڕایەوە
ئەنفاسی وا لە نەفحەی «روح القدسعەرەبی» ئەچێ
عیسا سیفەت شکۆفە بەسەریا ژیایەوە
تەئسیری کردە شاخی گریبانی لاخی دار
شاخی درەخت مریەمە وا چوو بەلایەوە
نەورۆزە، نەوبەهارە، بەهاوارە عەندەلیب
مەستانە خۆی لە مەوجی گوڵانا تلایەوە
بولبول بە شاخی سەروەوە هاوار ئەکا ئەڵێ
جەژنی ویساڵە دێتو ئەڵێ دەی بڕایەوە
لەم جەژنی گوڵشەنە لە تەماشای ڕووی گوڵ
بولبول بە نەغمە هات و بەخۆشی بە شایەوە
بەم سروە باوەشینی گوڵشەنی کرد دەستی نەوبەهار
پشکۆی جەماڵی غونچە بە سووری گەشایەوە
عەر عەر بە ڕەقس و نارەوەن وهەم چنار و نار
دێن و دەچن بە لەنجە و سەرویش شایەوە
بەرگی چەمەن لە زەردی ئەگۆڕا لە فەیزی ئەو
بەرگی زوموڕدی بەسەردا کشایەوە
داری هەنارە نارە گوڵی سەرچڵی ئەڵێیە
ئەم ئاگرە لە عومری شتا چوو بڕایەوە
بەرسیلە میسلی تیفلە بە ئاغوشی تاکەوە
وەختی کە پێکەنی لە باوەشی دایکی ڕشایەوە
تەقلیدی زوڵفی یار ئەکا شۆڕەبی مەگەر
شاخی بەسەر قەدی بە هەموو لا چەمایەوە
نارنج گوڵی قەدەح ئەڕژێنێ بە دامەنی
شاباشی نەوبەهارە بە عەتری هەدایەوە
سووری میسالی ئاگری سەحرای ئەیمەنە
موسا ئەچێ بە لایەوە خۆی وعەسایەوە
ئارایشی چەمەن درا بە عرووسی ئەرخەوان
تارای پەنبەیی بەسەرا هەڵدرایەوە
مەوجی دەهانی خەندەی گوڵ ئاشکرا ئەڵێ
وەختی ویسالی بولبولە بابێتە کایەوە
سونبول کە پێچوو تابی لە زوڵفی نیگار ئەچێ
مەشاتە گەر سەبا بوو کە حەلقەی کرایەوە
نەی هاتە ڕەقس و حاڵەتی عیشقی ئەکرد بەیان
بەم لەفزە شەکری لە مەزاقا توایەوە
بلبل کە شۆری خستەوە مەجلیس بە گریەوە
غونچەش بە خەندە هات و دوو لێوی کرایەوە
تێر ئاوی خوێنی عاشقە سوحنی چەمەن ئەڵێی:
ئەم لالەزارە بە خوێنی جگەر ڕووایەوە
خۆی شەمعی بەزمە لالە بە ڕوخساری ئاگرین
ئەوساکە ڕۆنی شەونمی کردە چرایەوە
نێرگز لە جوابی غەفڵەتەوە هاتەوە بەجۆش
لەم بەزمە هاتە مەحفەل و چاوی کرایەوە
بۆ حوجرەی عرووسی گوڵی گوڵشەنی سەفا
دامادی فکری نیەتی وا چوو بەلایەوە
لەم بەزمەدا سووراحی ئەگێڕێ لە مەجلیسا
پیاڵەی زەڕی لە سـەر کەفی زیوین ئەنایەوە
سەر شۆری ڕەنگ و بۆیە بنۆشە کە ساتێ دێم
مەوجی جەماڵی جیلوەی گوڵ هاتە کایەوە
سەرو و سنەوبەر سەمەن و یاسەمەن هەموو
سەریان بە عەزمی سەجدە لە سەر خاک دانایەوە
وەک عەتری زوڵفی یارە نەسیمی سەحەر کەدی
بەم سروە ئاگری گوڵی رەعنا گەشایەوە
دوڕاج وهەم تەزروو فاخیتە و کەو هەموو بەیەک
هەریەک بە نەغمەی بە سەمای هەوایەوە
تەبریکی نەوبەهارە لە گوڵشەن لە گوڵ ئەکەن
بلبل بەخەندە هات و جەوابی ئەدایەوە
نیلوفەریش لە ترسی شتا لوولی خواردبوو
بەم موژدە لێوی بە خەندە درایەوە
هەر کولە شیوە هاژە ئەکا ئاو بە ناویا
هەر کانی ئاوی وشکە بە جارێ ژیایەوە
هەرچی خەزان لە گوڵشەنی ئەستاندبوو بە زۆر
بەم بای نەسیمە ئەمانەی هەموو ئەدایەوە
خادیم سوپاس و حەمدی خوا چۆن بکا خودا
بەم ڕووسیاهییەوە و بە زوبانی برایەوە
لەم مەتڵەعە نیهان بوو جودم لە نیستی
سەر دەر ئەکەم لە جێگەی تر دێمە کایەوە