سۆزی تۆیە پڕ بە سینەم تاقەتی سازم نەما
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
1 خولەک
981 بینین
سۆزی تۆیە پڕ بە سینەم تاقەتی سازم نەما
دەردی دووری پیری کردم شێوەیی نازم نەما
گەنج ی گەنجی بوو بە ڕەنجی ژینی ڕۆژی ئاخرم
تازە ڕەوتی شێخمە، چون هێزی سێبازم نەما
داڕزا ئەجزایی زەوقم، چەرخی شەوقم ناگەڕێ
وەک مەکینەی ئاشی حاجی جێگەیی گازم نەما
دوور لە تۆ دەوڵەتمەنی ئیمساڵە هێزی لێبڕا
هەر دوو وەک یەک تێشکا، ئەو هێز و من نازم نەما
حەیفە باسی ماڵی دنیا من کە خۆم بۆ ڕۆیینم
ئاشکارم ئاشنایە ئارەزووی ڕازم نەما
گەر نەجاتم بوو لە سەرما زۆر زەروورە هاتنم
کەوتووم لەم دەشتە جارێ هێزی هەورازم نەما
ئەم دوو سێ شیعرەش کە ئەیڵێم بۆ مەزەی زەوقی تووە
کاکە حاجی زەوقی چی من شەوقی دڵخوازم نەما
شۆرەزارە خاکی شاکەل بۆیە شۆرن شئعرەکان
ئاخری ساڵە دەچی بکەم بیبەر و پیازم نەما
تا لە کەلەمدا شنەی نەشئەی نەشاتی شاکەلە
ئارەزووی سەیرانی شارو شەوقی شیرازم نەما