عەزیز بەینێکە لێم بێ خەبەری

لە کتێبی:
دیوانی سەیفولقوزات
بەرهەمی:
سەیفولقوزات (1876-1945)
 2 خولەک  770 بینین
«عەزیز» بەینێکە لێم بێ خەبەری
وەکوو بیستوومە لەم بەر ئەو بەری
جارێکی بیستم چووی بۆ «عەنبار»ێ
خۆشی خۆشیم بوو دێشی بۆ خوارێ
پاشان وامزانی سوار بووی بۆ «سەرا»
ئەمنت هەڵبوارد لە خزم و برا
مەگەر نازانی ئەمنیش براتم؟
ڕووناکیم هەر تۆی، مایەی حەیاتم!
خۆزگەم بە زستان، بەفر و سەرماکەی
مژ و سیخوار و کڕێوە و باکەی
کە هەمسەفەر بووین بەینێک پێکەوە
لەززەت ئەو وەختە، حەیات هەر ئەوە
شەوی مەراغە چەن خۆش ڕابران
چەندە سوحبەتی ڕۆحانی کران
لە پاشان بە شەوق دەهاتم بۆ لات
بۆی خاکی دەرگات جارجار بۆم دەهات
ئەو تۆف و بەندە لەکنم بەهار بوو
سەرمای ئێوارێی گەرمای نەهار بوو
کێوی «گامێشان» پردی سیڕات بوو
«کولتەپە»ش بەهەشت، جێگەی نەجات بوو
هاتم، دابەزیم چوومە دیواخان
بە کوورە و لامپا بوو بە چراخان
یادی بەخێر بێ کوورە گەرمەکە!
پاڵەوپشتەکە، لێفەنەرمەکە
عەبدوڵڵا هەوای وەک بەهەشت لێ کرد
خۆش خۆش، بە خۆشی، هێند ئاوری تێ کرد
بەربانگ و پارشێو هەر نەوعە نیعمەت
دەگەڵ خوڵقی خۆش، بێ دەعیە و میننەت
زستان لە بەهار بۆ من خۆشتر بوو
گوڵی ئومێدم ئەودەم گەشتر بوو
حەسەنناسناوی ئەدەبی بە قوربان عەزیزەکانت
«عومەر» و «عوسمان»، «بووبەکر»ی جوانت