چەند سەرنجێک

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
جەمال محەممەد
 4 خولەک  732 بینین

حەزم ئەکرد لێکۆڵینەوەیەکی دووروودرێژ دەربارەی ئەم دیوانە بخەمە ڕوو وە هەموو لایەنەکانی شی بکەمەوە و باری سەرنجی خۆم و هەڵوێستی مەوزووعیانەی بێ لایەن بخەمە بەردەستتان. بەهەر حاڵ دیراسەکردنی دیوانێک ماوەیەکی زۆری ئەوێ منیش نەمئەویست کە پڕۆژەکە دوا بکەوێ وە دیارە ئەگەر دیراسەم بکردایە لە چاپدانی دیوانەکە دوا ئەکەوت، بەهەرحاڵ وا هەندێ سەرنجی خۆم ئەخەمە ڕوو: شاکەلی یەکێکە لەو شاعیرانەی کە بە ئاسانی جێگای خۆی لە ناو شاعیرەکاندا کردووەتەوە، وە ئەگەر بێتو تۆزێ پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەرهەمی ئەم سەردەمەدا بەهێزترکات بەرهەمی بەهێزتر و بەهێزترمان ئەخاتە بەردەست، ئەوەی شایەنی باسە کە شاکەلی لەو بابەتانەی خۆی پێوە خەریک کردووە، تیایا سەرکەوتووە، وە بەلای منەوە زۆربەی شیعرەکانی هیچی لە پلەی شاعیرەکانی تر کەمتر نیە، خۆ ئەگەر، بێتو بەراوردێک بکەین لە نێوان بەرهەمەکەی و بەرهەمی شاعیرێکی تردا بە ئاشکرا ئەمەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە لە هەمان کاتدا توانیوێتی مەبەست بپێکێ وە لە زۆر شیعریشدا ئەگەر چی لە ڕووی زمانەوە درێغی نەکردووە لە بەکارهێنانی وشەی بێگانە، بە تایبەت وشەی عەرەبی و فارسی، کە ئەمەش بە هۆی کارتێکردنی ئەدەبی کۆن و بیروو باوەڕی ئیسلام و فەلسەفەی سۆفیزمەکە بووە، بەڵام لە زۆر شوێنیش هەقی بۆ کردووینەوەو وشەی کوردی پەتی زۆر بەکار هێناوە.

بە تایبەت لە باسی سروشتدا، بۆ وێنە لە باسی شاککەل و شیروانەدا ئەڵێ:

بەهاران و ئێوارە دەشتی سیروان
ببارێ جار بە جارێ تاوێ باران
بەسەر بەرگی گوڵ و چڵ دا بچۆرێ
جلی سەرمای زستانی بگۆڕێ
جرەوەی مەل لەسەر بەرگی گۆڵ و گیا
فوارەی ئاوی ڕووناکی چەم و چیا
بە جۆشێکی بەکوڵ دێنن بە بیرا
سەفا دێنێ بە چاوی مێردە پیرا

یان لە شیعرێکە ترا ئەڵێت:

چ بکەم نەما کەسێ کە دەرم کا لە ناکەسێ
تا ماچ خاکی بەری پێی بکەم لە جێ دەسی

بەڵام وەک چۆن لە پێشەوە وتم وشەی بێگانەشی زۆر بەکار هێناوە با لەم بەیتە ورد بێنەوە:

مەنبەعی حوسن و جەماڵ تەنسیم تەنان
هەموو زیبا سەنەمێ بادەکەش و نۆش لەبە

بەلای منەوە بەکارهێنانی وشەی بێگانە نابێ بە خەوش ئەگەر بێت و وەستایانە بەکار بهێنرێ و هەموو بەرهەمەکەش لەو بابەتە نەبێ، چونکە هەرچی شاعیرێکی کلاسیکی بگرین نەیتوانیوە خۆی لەم دیاردەیە ڕزگار بکا. شتێکی تر کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەحمەد لە هەندێ شێعرا وشەیەکی چەند جار دووبارە کردووتەوە و هەر یەکەشی واتایەکی تایبەتی ئەبەخشێ بێ ئەوەی هیچ لە قیمەت و شیوەی شیعرەکەی کەم کردبێتەوە یا ناشیرینی کردبێ:

لەرزین لە ترسی«سەرما» ترسی نەما لە«سەرما»
برکی ئەدەم لە بەرما، بەرگی گرانی «سەرما»
بە تیشکی تاوداری هەتاوی مانگی نەورۆز
شکا شکوهی «سەرما» بێ دەست و پاو و «سەرما»

شاکەلی و شیعری موناسەبەت:

موناسەبەت ڕۆڵێکی گەورە ئەبینێت لە ژیانی هەموو شاعیرێکدا جا ئەو موناسەبەتە خۆش بێ یا ناخۆش، تاڵ بێ یا شیرین هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، دەردی دووری لە خۆشەویست و کارەساتەکانی ژیان و کۆچ کردن و گیروگرفتی دەروونی... تاد. هەموویان کەرەسەیەکی ڕەسەنن بۆ ئەوەی شاعیر نووکی خامەی بخاتە کارو کانیاوی شیعری بتەقێ ئەم دیوانە زۆری لەم بابەتە تیایە:

«کۆچی دوایی ئەنوەری جوانەمەرگ، خنکاندنی نەسرین لە ئاوی حەوزدا، کۆچی دوایی شێخ سلێمان، دەردی دووری لە شاکەل گەشت کردن بۆ بیارەو گەڕانەوە بە دڵ شکاوی، نەخۆشی و بێتاقەتی و دەردی پیری.... تاد...»

کەواتە شاکەلیش وەکوو زۆربەی شاعیرەکانمان ئەم دیاردەیە بە ئاشکرا کاری تێ کردووە. لە کۆتاییدا هیوادارم کە توانیبێتم کەلێنێکم لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ کردبێتەوە و دیوانەکەی شاکەلیش بڕواتە پاڵ دیوانی شاعیرەکانی ترمان.