پێشەکیی ناسحی نەقشبەندی

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
ناسحی نەقشبەندی
 2 خولەک  674 بینین

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

شاعری بەناوبانگی دەشتی گەرمیان شێخ ئەحمەدی شاکەلی لە نێوان شاعرە کلاسیکیەکانی کوردا شوێنێکی بەرز و گرنگی هەیە. هونراوە نیشتمانیەکانی ئەم شاعرە جێی شانازین. شاکەلی لە خزمەتی باوکمدا شێخ عوسمانی نەقشبەندی تەمەسوکی بە تەریقەی نەقشبەندی کردوە وە بە تەواوی شانی بۆ ئەرکی گرانی تەسەوف شل کردبوو. خۆشەویستی بێ ئەندازەی جەنابی باوکم لە دڵیدا، بوو بەهۆی سەرچاوەی ئیلهامی شعرەکانی، کە هەروەک ئەیبینین زۆربەی شعرەکانی بۆ ئەوانە. برای بەڕێز مامۆستا جەمال زەحمەتێکی زۆری گرتبووە ئەستۆ بۆ کۆکردنەوەی هۆنراوەکانی بەڵام بەداخەوە دیوانەکەی هەڵەی چاپی زۆز وە کەموکورتی زۆری هە بوو. من کە هاتبووم بۆ خزمەتی جەنابی باوکم لە ئەسەموڵ فەرمانیان دا بۆ ساغ کردنەوەی دیوانەکەی شاکەلی کە برای بەڕێز کاک «خالد ڕفعت الفقیە» برادەرێکی لوبنانیە و موریدی جەنابی باوکمە و هەر چەندە بە زمانی کوردی ئاشنایەتی نییە، بە خەتە جوانەکەی دیوانەکەی شاکەلی نووسیەوە. منیش هەرچەند خۆم لەو ڕادەیەدا نازانم بەڵام لەسەر فەرمانەکەی جەنابی باوکم وە هەر بە یارمەتی خۆیان ئەرکی ساغ کردنەوەی دیوانەکەم گرتە ئەستۆ. هیوام وایە توانیبێتم خزمەتێکی هەرچەندە بچوکم بە ئەدەبەکەمان وە ببێتە هۆی ڕەزامەندی خوێنەرانی ئازیز.

«ناصح»ی نەقشبەندی