پێشەکیی شێخ عوسمان شێخ علاالدین نەقشبەندی

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ عوسمان شێخ علاالدین نەقشبەندی
 2 خولەک  1203 بینین

شاکەلی مرۆڤێکی گەورە و ناسراوو بوو لە ناوچەی گەرمیان لە پاش وەرگرتنی تەریقە و تەسەوف، وازی لە ئوموراتی دنیایی هێنا و زۆربەی کاتی لە ڕێی خواناسی و ئوموراتی دینیدا بردووەتە سەر. عرفان و تەسەوف و هەر وەها عەشقی بە سۆفیایەتی پلەیەکی گرینگی ڕێگەی ئیلاهیە کە شاعر بەسەری بردووە و بە بۆنەی ئەم عەشقەوە بوەتە شاعرێکی ناسک خەیاڵ بە بەرزی عرفان. خوالێخۆشبوو «شێخ ئەحمەد» گەییشتە پلەیێکی بەرزی عرفان و تەسەوف و مەحبووبی حەزرەتی باوکم شێخ علاالدین و زۆر خۆشەویستی منیش بوو تا ڕادەیەک پلەکانی گرنگی تەسەوفی بڕی بوو کە خۆی مردنی خۆی پێش بینی کردبوو. چەند جارێک زۆر بە عەشق و موحبەتەوە داوای لێ کردم کە بڕۆم بۆ دیدەنیان، کاتێ کە توانیم بڕۆم بۆ شاکەل زۆر خۆشەویستم شێخ ئەحمەد، هات بە پیریمەوە دەستم گرت و پێکەوە چووینە ماڵەوە، لە ئاشکراییدا ڕەنگ و ڕووی باش بوو، کە دانیشتین ڕووی تێکردم وتی قوربان غەزەلێکم وتوە و بە دەنگی خۆم تۆمارم کردوە و دامناوە بۆ ڕۆژێکی کە وەها ئیجازە هەیە گوێ بۆ ڕاگرین. غەزەلەکە بەم شێعرە دەست پێ دەکات:

گوڵاڵەی ژینی من بە بێ تۆ تازە نابێت
ئەگەر چی ڕۆژی نەورۆزە گوڵی گوڵشەن ئەپشکێتۆ

و لە شێعرێکی کەی ئەم غەزەلەدا ئەڵێت:

وەکو تۆ مورشیدی ئەعزەم تەریقەی وەرعی شەرعی بێ
لە کاتی مردن و حەشرا موریدی خۆی ئەدۆزێتۆ

کە گوێمان لەم شعرانە ڕاگرتبوو سەیرم کرد شێخ ئەحمەد ڕەنگی تێک چوو لەو کاتەدا سفرەی نانیان ڕاخستبوو کە شێخ ئەحمەد ویستی پاروێک ببا بۆ دەمی دیم چاوی پڕ بوو لە فرمێسک لە ئازارا، داخی گرانم هەر بەو ئازارەدا فەوتی کرد. خۆم لە مەراسمی بەخاک سپاردنیا لەوێ بوم. کاتی ئەسپەردە کردنی سەرنجی ڕوخساریم دا هەر وەک گوڵاڵە سورەیەک لە قەبرەکەدا سوور هەڵگەڕابوو وە بەم جورە ئەو مشتانە کە خۆی بە ئاواتەوە بوو لە سەرەمەرگیا بە تەواوی ڕووی دا. یاڕەبی بەڕەحمەت بێ و ڕۆحی بە جەننەت شاد بێ انشاالله

شێخ عوسمان شێخ علاالدین نەقشبەندی