چ خۆشە من نەخۆش و یاری دڵکەش

لە کتێبی:
دیوانی سەیفولقوزات
بەرهەمی:
سەیفولقوزات (1876-1945)
 2 خولەک  1247 بینین
چ خۆشە من نەخۆش و یاری دڵکەش
لە ڕێگەی لوتفەوە بمخاتە باوەش
پەرێشانم لەبەر زولفی بڵاوت
نەخۆش و مەستی ئەو دوو نەرگسی گەش
نیشانم دە، فیدات بم، جووتە خاڵت
لە ئەووەڵ نەردەوە چەن خۆشە دووشەش!
ڕوخی زەحمەت مەدە زولفی مەحەک ڕەنگ!
چ موحتاجە بە تۆ ئەو سیمی بێغەش؟
فیدای زولف و برۆ و پێڵوو و مژۆڵت
کەمەندە هەم کەمان، هەم تیر و تەرکەش
بە دوودی ئاهی من ڕەشپۆشە گەردوون
بە ڕووتا خاڵ و پەرچەم بوون موشەووەش
حەسەنناسناوی ئەدەبی! شوکری خودا ئەوڕۆکە وەسڵە
نەجاتت بوو لە دەستی تالعی ڕەش
بەڵێ، بەو شەرتە خۆشە وەسڵی دڵبەر
کە دەمدەم دەم لەنێو دەم، دەس لە باوەش
کز و زیزی لە کەم مەیلی، «عەزیز»م
عەیامێکە عەوامی، تەبعی سەرکەش!
هەتاکوو سارد و سڕ بوو مەیلی گەرمت
ئەدەم جینگڵ وەکوو ماری سەر ئاتەش
لەسەر ڕوخساری زەردم ئەشکی خوێنین
هەتا کەی دێتە خوارێ؟ بەختەکەی ڕەش!
سپای دووریت لە سێ لا دەوری داوم
بەسانی مەنگوڕ و پیران و مامەش
وەرە جارێ، بە جارێ لا مەدە لێم
دەبێ وا بێ وەفای یارانی مەهوەش
سەر و ماڵم دەکەم قوربانی ڕێگەت
بەران و جوانەگا و لۆک و کەڵی ڕەش
بە کوردی شایەرێکی زێدەچاکم
لە شاباشی سەخای خۆت مەمکە بێبەش
هەمیشە زیکر و فیکرم یادی تۆیە
لە شایی تۆیە خۆشم بوومە چاوەش