ئەو جۆرەی بتەوێ

شەکسپیر
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 14 خولەک  1012 بینین

١

ڕۆژگارێک بوو وڵاتی جوان و دڵگر و کانگەی ئەوین و دڵداریی فەرانسە، بەرەڵڵا و هەرکەس هەرکەس بوو، کەس سەری بۆ کەس دانەدەنواند، کەس بەڕبەی کەسی نەدەپێوا، هەر لایەی بە دەس میر و مەزن و دەرەبەگێکەوە بوو. لە ناوچەیەکی ئەم وڵاتە میرێکی زۆرداری، داگیرکەری، دڵڕەش فەرمانڕەوایی دەکرد. کە دەسەڵاتی مەزنایەتی لە دەست براکەی خۆی دەرێنابوو، مڵک و ماشی لێ بڕیبوو.

ئەو میرە لە دەسپیسی و ناپاکی و ماڵپەرستیدا وێنە و هاوتای نەبوو. براکەی خۆی کە تا ڕادەیەک لەنێو خەڵکدا ناخۆشەویست بوو. دەرکردبوو. برای زۆر لێکراوی، لێقەوماوی وەدەرنراو پەنای بۆ لێڕەواری دوورە دەست و چڕ و پڕی «ئاردن» بردبوو. لەوێ دەگەڵ چەند دۆست و ئاشنا و لایەنگری خۆی ژیانێکی شاد و ئازاد و بێ دەردیسەریان ڕادەبوارد.

وردە وردە ئۆگری ژیانی ساکاری جەنگەڵ بوو، خەم و پەژارەی بە دیتنی دیمەنە جوانەکانی خۆڕسک دەڕەواند. ئاوی سارد و ڕوون و بێخەوشی کانیاوی دەخواردەوە. هەوای خاوێن و سازگاری زەنوێرانی هەڵدەمشت، کارگ و ڕێواس و گواردە و شیر و پەنیر و لۆرک و کەرە و هەنگوێنی کوێستانی لە چێشتە چەور و سوێر و تیژەکانی کۆشک باشتر پێ دەکەوت. دەرد و دەغەزی دەپەڕاند و ئازار و نەخۆشیی نەدەهێشت ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی لێقەوماو و دەرکراو و ڕاونراوی پتر لێ کۆ دەبوونەوە و دەورەی قەوغاتر دەبوو، وەڕەزی زیاتر دەشکا و مەترسیی کەمتر دەما.

ئەو میرە دەرکراوە کیژێکی هەبوو، تا حەز بکەی نازدار و لەبار و وریا و زانا و وشیار بوو. ئەوەندە گفت و لفت خۆش و خوێنشیرین بوو کەس نەبوو بەدڵ خۆشی نەوێ، نێو «ڕوزلیندا» بوو.

ڕوزلیندا لەو ڕۆژەوە باوکی بۆ پاراستنی گیانی پەنای بردبووە «ئاردن» لە ماڵە مامە بەدفەڕەکەیدا مابۆوە. تا ئاودەنگ و هاودەمی «سلیا»ی کچی مامی بێ. ئەو گلدانەوە هەرچەند ڕۆژەکانی هەووەڵ سەخت و تاڵ و ناخۆش بوو، بەڵام ئەو جووتە کچە زوو ئۆگری یەک بوون و بوونە دۆستی چاک و پاک و گیانی یەکتر.

چیرۆکی ئێمە لێرەوە دەس پێدەکا، «ڕوزلیندا» ڕۆژێک وەک ڕۆژانی پێشوو، لەبەر پەنجەرەی ژووری «سلیا» بە وەڕەزی دەستی وەبەر چەنەی هەڵدابوو و بیری لە ژیانی پچڕاو و هەڵوەشاوەی خێزانی خۆیان دەکردەوە و «سلیا»ش بە پەنجە نەرمۆڵەکانی دۆستانە پرچە خاو و جوانەکانی دادەهێنا.

لەو کاتەدا خزمەتکارێکی ئەمیر هاتە ژوور و پەیامی ئەمیری بۆ هێنان و گوتی:

ئێستا ئەمیر دوو پاڵەوانان بەگژ یەکدا دەکا دەفەرمووێ ئەگەر وازیان لێیە ئەوانیش بێنە تەماشا.

لەو سەردەمەدا باو بوو کە پاڵەوانان لەپێش چاوی میر و گەورە گەوران زۆرانبازی بکەن و ئەوانیش بە فیزەوە لە سوێیان ڕاوەستن و ئەم کارە دزێوە و ناپیاوانە مایەی ڕابواردن و سەرگەرمی و دڵخۆشی ڕەسەنزادە بەدەسەڵاتەکان بوو. «ڕوزلیندا» و «سلیا»ش کە زۆر وەڕەز و دڵتەنگ بوون بۆ تەماشا چوون. بەڵام بەداخەوە دیمەنەکە لەباتی وەڕەزیان بشکێنێ پتری خەمبار کردن. چونکە دیتیان مێرمنداڵێکی ڕیوەڵەی، باریکەڵەی شووش و گشت خەریکە ئامبازی لەندەهۆرێکی مل ئەستوور و سینگ پان و دێوەزمەیەکی بێ کلک و شاخ و بەشان و باهو و بێڕەزا بێ.

جیاوازیی تەمەن، وێک نەچوونی لەش و ئەندام، نیشانەی کارامەیی و ئەزموون، دیار و بەرچاو بوو. هەموو کەس دەیتوانی بە هاسانی ئەنجامی ئەم بەگژیەکداچوونە نابەرامبەرە خەفەتبارە پێشبێنی بکا. کەچی لاوەکە هیچ نیشانەی ترسان و بزرکان و تێشکانی پێوە دیار نەبوو دەتگوت لێی ڕوون و ئاشکرایە زاڵ دەبێ و سەردەکەوێ و ڕووسوور دەردەچێ و بزەی هەر لەسەر لێوان بوو.

«ڕوزلیندا» زۆر پەشێو و خەمبار بوو. ئارام ئارام لە کوڕەکە چۆ پێش نیگای دڵڕفێن و سیحراوی تێ بڕی. بە زمانێکی نەرم و شیرین پێی گوت:

«دەس لەم کارە منداڵانە و شێتانە هەڵگرە، چونکە ئەم کابرا زل و زەبەڵاح و بەهێزە لەوانەیە نەتهێڵێ و ژیانی لاوەتیی تۆ بخاتە مەترسییەوە».

لاوە نەناسیاوەکە بە ئەدەبەوە گوتی:

«داخی گرانم ناتوانم پەند و ئامۆژگاری ئەم کچە نازدارە لە گوێی بگرم. من بڕیاری خۆم داوە بەرەنگاری دەبم، ئەگەر سەرکەوتم شانازییە و ئەگەر تێداچووم، لەم دنیا پان و بەرینەدا تاقە کەسێک نییە دەنکێک فرمێسکم بۆ بڕێژی!» لە حاڵێکدا چاوی بە تاسەوە لە چاوە پڕ شەرم و جوانەکانی کچەکە بڕیبوو گوتی:

«تەنیا ئاواتم ئەوەیە دڵسۆزی و خەمخۆری تۆ پشتیوان و هاندەرم بێ».

زۆرەوانێ دەس پێکرا، «سلیا بە ئاواتەوە بوو لاوی نەناسیاو سەرکەوێ. ڕوزلیندا دەس بە دوعا بوو و دەپاڕاوە خودا لاوەکە لە شەڕی ئەم لوزەندەرە بپارێزی. بەتایبەتی ترسی جوانەمەرگی ئەو پەرێشان و هەراسانی کردبوو. تێگەیشتبوو ئەم لاوەش وەک ئەو بێکەس و بێپەنایە دڵەکوتەی گرتبوو، بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا هەستی بە شتێک لە دڵی خۆیدا کردبوو، ئەویش هەستی ئەوین بوو.

بەپێچەوانەی بۆچوونی تەماشاکەران لاوی مێرمنداڵ کە لەبەر کابرای بە گەد و گیپاڵ نەک هەر خۆی لەبەر ڕاگرت و چەقی، بەڵکوو بەرسینگەی لێ بڕیەوە، مەچەکەی لێ ئەنگاوت، سەر سمتەی دا و باو لەسەر باوی هێنایە تا کابرا بڕستی لێ بڕا شل بوو و فێڵی پێ نەما. ئەمجار بە هەردوو دەست بەرزی کردەوە و بە ڕقەوە وای لە تەختی هەردی ڕاکێشا کە چوار پەلی هاوێشت و لەجێی نەبزووت و پشووی لێ بڕا.

چەپڵەڕێزان، هۆریاکێشان، دەنگی ئافەریم، دەستت نەڕزێ، باوکم دەبەرت مرێ، ڕووی دایک و باوکت سپی بێ بەرز بۆوە. میر خۆی پێ ڕانەگیرا لاوەکەی بانگ کرد و لە ڕەسەن و بنەچەکەی پرسی:

«وەڵامی داوە کوڕە گچکەی «سیر ڕولاندبز»م. ئەمیر چرژا، گرژ بوو، ڕووی لێ وەرگێڕا. باوکی دەناسی و دەیزانی یەکێک لە دۆستانی نیزیکی براکەی بوو».

بەڵام پلەی خۆشەویستیی «ڕوزلیندا» بەرزتر بۆوە و لە حاڵێکدا کە لەبنەوە دەستی «سلیای» دەگوشی گوتی:

«باوکم باوکی ئەم کوڕەی زۆر خۆش دەویست و متمانەی تەواوی پێ هەبوو». ئەگەر دەمزانی ڕۆڵەی ئەو پیاوچاکەیە بە هیچ بارێک نەمدەهێشت توخوونی ئەو غوولە بکەوێ. بە پاڕانەوە بە ئاهـ و فرمێسک داوێنم دەگرت و وازم پێدەهێنا».

هەردووک چوونە لای کوڕەکە کە لە بێمەیلی میر دڵی یەشا بوو، زۆریان لاواندەوە و دڵخۆشی دایەوە. کە هاتن بڕۆن «ڕوزلیندا» زنجیرێکی لە گەردنی بلوورینی دەرهێنا و لە مستی نا و گوتی:

«ئەم یادگارە پچووکەم لێ وەرگرە. من لە ماڵی دنیا چیدی شک نابەم، دەنا تۆ بۆیە دەبووی دیاری زۆر بەنرخترت پێشکێش بکەم».

٢

«فرەدریک» فەرمانڕەوای داگیرکەر کە وەفای «ڕوزلیندای» دەگەڵ لاوەکە بینی و لەلای دیکەوەش باسی چاکی و پاکی و بەبەزەیی و بێئازاری پێ ڕاگەیاندبوو. بە ڕقدا چوو و هاتە سەر ئەوە برازاکەی لە ماڵی خۆی دەرکا.

ڕۆژێک کە دەگەڵ «سلیا» دانیشتبوون وەژوور کەوت و بێشەرمانە و ناپیاوانە پێی گوت: هەر ئێستە دەبێ لێرە بڕۆی! هەرچی «سلیا» پاڕاوە و لاڵاوە و گریا و دەست و داوێنی باوکی بوو سوودی نەبوو. ناچار تکای لە باوکی کرد مەودا بدا ئەمشەوەش پێکەوە ڕابوێرن.

شەوێ تەگبیریان کرد و هاتنە سەر ئەوە بە جووت ڕابکەن و خۆ بشارنەوە. بەیانیی زوو یەک لە جلی لاوێکی توند و تۆڵ و ئەوی دیکە لە بەرگی لادێیدا بە دەرکی نهێنیی کۆشک دەربازبوون و بە ناشارەزایی ڕوویان لە جەنگەڵی «ئاردن» کرد.

هیچ کام نەیاندەزانی چییان بەسەردێ و ڕۆژگار چ بۆسەیەکی بۆ ناونەوە. ڕێباز نادیار و دواڕۆژ ون بوو. تەنیا ئامانجیان ئەوە بوو ڕێگای دوور و درێژ ببڕن و زوو خۆ بگەیەننە لێری «ئاردن» کە بەشکوو میر لە وێندەرێ بدۆزنەوە ژیانی تاریک و تنووک و سارد و سڕیان لەبەر تیشکی بەتین و لاواندنەوەی ئەودا گەرم و ڕووناک بێتەوە.

«ڕوزلیندا» بە جلی پیاوانە و «سلیا» لە بەرگی کیژێکی لادێییدا بەنێو سەدان ڕێبواردا تێپەڕین و کەس نەیناسین. کاتێ ڕۆژ ئاوا بوو لە یەکەم حەسانەوەدا چونکە خشڵ و دراوی زۆریان پێ بوو توانییان ژووری پاک و خاوێن بگرن و خواردنی باش بخۆن و ڕاحەت بنوون.

٣

«ئۆرلاندو» گچکەترین و لاوترین کوڕی «سیر ڕولاند» بوو. هەر لە سەرەتای ژیانەوە ڕۆژگار ژەهری ناکامی لە جامی کردبوو، هێشتا زارۆکێکی پچووک بوو کە باوکی هەمیشە بەجێی هێشتبوو و چارەنووسی بە برا گەورەکەی «ئلیور» ئەسپاردبوو. «ئلیور» لاوێکی سووک و خۆش ڕابوێر و لە خۆبایی بوو. بەپێچەوانەی وەسیەتی باوکی هیچ ئاگای لە براکەی نەبوو و باشی پێنەگەیاند. «ئورلاندو» دەگەڵ ئاواڵی گەڕۆک و سووکەڵە و خوێڕی و هیچ و پووچ گەورە بوو. بەڵام چونکە بۆ خۆی چاک و دڵپاک بوو بە بێکارە و دەستەوەستان دەرنەچوو، باش پێگەیشت. لاوێکی بوێر و نەترس و بەهێزی لێ دەرهات. ئەوە هەستی ئیرەیی و بێزاریی کاکی بزواند و خەریک بوو بە هەر جۆرێک بێ سەری لە ناخی ڕۆکا و لەنێوی بەرێ.

بەم مەبەستە شوومە هانی دەدا بەرەنگاری پاڵەوانانی بەهێز و بێڕەزا ببێ بەڵکوو بە دەس ئەوان بچێ. بەڵام بەختەوەرانە هەموو جارێ زاڵ دەبوو و ئەوانی دەشکاند و دەبەزاند. کە لەم کارە ناهومێد بوو؛ شەوێکی ژووری نووستنی ئاگر تێبەردا کە بە هەزار زەحمەت و ناری عەلی ڕزگاری هات.

«ئادام» کۆنە خزمەتکاری باوکی کە بەشی زۆری تەمەنی لە خزمەتی ئەم بنەماڵەدا بردبووە سەر لەم ڕازەی گەیاند و واداری کرد پێش ئەوەی نەخشە ناپاکەکانی کاکی جێ بگرن ڕابکا و خۆی دەرباز بکا و وڵات بەجێ بێڵێ. چونکە دەیزانی چ شک نابا و هیچ دراوی نییە، پاشەکەوتی چەند ساڵەی خۆی دایە و بۆ خۆشی ڕەگەڵی کەوت.

کە گەیشتە جەنگەڵی «ئاردن» پیرەپیاوی کەنفت و زورهان لە پێ کەوت، «ئورلاندو» ئەوی لەبن سێبەری دارێک دانا و بۆ خۆی بە باریکە ڕێیەکی لێرەواردا ڕۆیشت تا گەیشتە جێگایەک کە میر و دۆستانی خەریکی خواردن بوون. شیری لە کاڵان دەرکێشا کە بە زۆری خواردنیان لێ بستێنێ بەڵام میر فەرمووی دا و بە ڕووخۆشی گوتی: «وەرە دەگەڵمان بخۆ».

«ئورلاندو» لە کاری خۆی پەژیوان بۆوە و داوای لێبوردنی کرد، پاشان سەرگوزشتەی خۆی بۆ گێڕاوە و گوتی: «ناوی «ئۆرلاندو» و کوڕی چووکی «سیر ڕولاند»ە».

میر کە بیرەوەری زۆر خۆشی لە دۆستایەتیی باوکی هەبوو گەلێکی بەخێرهاتن کرد و لە ناسینی ئەو زۆر شاد بوو ناردی پیرەپیاوەکەشیان هێنا و لەژێر باڵی خۆی گرتن.

٤

هێشتا حەوتوویەک بە سەر ژیانی «ڕوزلیندا» و «سلیا» لە جەنگەڵدا ڕانەبردبوو، ڕۆژێک «ڕوزلیندا» بە بن پیرەدارێکدا تێپەڕی و دیتی ناوی ئەو لە بەژنی دارێکی هەڵکەندراوە. بەلایەوە سەیر بوو...

هەروا دەگەڕا و تەماشای کرد ناوی بە دارێکی دیکەوەش هەیە، هەرچی سەری هێنا و برد بۆی نەچووە سەر یەک ئەوە چییە؟ ئاخری هاتە سەر ئەوەی لەم لێرەوارەدا فریشتەیەکی ئەفسانەیی هەبێ کە هاوناوی ئەو بێ لەو خەیاڵەدا بوو کوتوپڕ تووشی لاوێک هات کە خەریکی ڕاو بوو، کە باشی تێڕاما «ئورلاندو»ی ناسییەوە، دڵی کەوتە لێدان و ڕەنگی بزرکا، لێی نیزیک بووەوە و گوتی:

«ناوت چییە؟»

گوتی: «ئورلاندو»

ئەویش ئەوینێکی شورت و گوم و ئاواتێکی بابردەڵەی لە ڕەنگ و ڕووی ئەودا بەدی کرد و گوتی:

«ئەدی تۆ ناوت چییە؟»

- «کانیمد»

پێکەوە گەڕان «ئورلاندو» بۆی گێڕاوە کە چۆن جارێکی لەوپەڕی ناهومێدیدا لەکاتی ملانەدا کچێکی جوانچاک و دڵپاک هومێدی وەبەر ناوە و شێت و شەیدا و گیرۆدەی خۆی کردووە لەو دەمەوە لە بیری نەکردووە و هەمیشە گۆرانی پڕ سۆزی پێ هەڵدەڵێ و ناوی لە داری جەنگەڵ هەڵدەکەنێ. «ڕوزلیندا» وەختا بوو لە هۆش بچێ و خۆی لە ئامێزی باوێ.

بەڵام خودای ئەقڵ تێی ڕاخوڕی، جارێ وەختی خۆ ناساندن نییە، چاکی تاقی بکەوە و بزانە ڕادەی وەفاداری و فیداکاری چەندە؟ گوتی:

«من نەک «ڕوزلیندا» دەناسم، بەڵکوو خزمایەتیشم دەگەڵ هەیە. وا چاکە هەرچی لە دڵت هەیە بۆ منی هەڵڕێژی تا هەمووی پێ ڕابگەیەنم».

«ئورلاندو» هەموو ڕۆژێ دەچووە کن دۆستە تازەکەی و وێکڕا دەچوونە نێو دار و دەوەن و گوڵ و گوڵزار و تەنیشت کانیاو و جۆبار و خەمی دڵی خۆیان دەڕەواند.

بەرەبەیانێکی زوو تازە گزنگ کەوتبوو. کە «ئورلاندو» هەستا و بەرەو دیداری دۆستەکەی ڕۆیشت. تەماشای کرد کابرایەک لەسەر چەقی ڕێگا ڕاکشاوە و خرپ خەوی لێ کەوتووە. تێی فکری و برا گەورەکەی «ئیلور»ی ناسییەوە. پێی سەیر بوو ئەو فێڵباز و ترسنۆکە لێرە دەبینێ؟ ئەو زۆر لەوە ئازاتر و پیاوتر بوو کە تۆڵە لە دوژمنی خەواڵوو و بێدەسەڵات بستێنێتەوە. بەڵام بە بێزاری لێی لادا و ڕووی وەرگێڕا و خەریک بوو تێپەڕێ و بڕوا و تەماشای کرد مارێکی شینی ئەنگێوی وەک دۆدانە دۆ ملی قەف کردووە و گەزارەی دەرکێشاوە و دەهاژێنێ و بەرەو ئەو دەخوشێ. هەستی ئینسانی و خوێنی برایەتی هەموو ڕق و قینی لەبیر بردەوە، شیری هەڵکێشا و ڕای کردە ماری، لەپڕ نەڕەی دێڵە شێرێکی سەر تووتکان جەنگەڵی لەرزاندەوە، ئەو دەستەپاچە نەبوو، لەپێشدا مارەکەی بە زەبرێکی دوو لەت کرد و پاشان بەگژ شێردا هات. شەڕێکی خوێناوی ڕوویدا، شێری تووڕە پەلاماری دایە. ئەویش داینەنواند، وەبەر شیرانی دا و شپرزەی کرد. شێری ڕق هەستاوی بریندار ئامبازی بوو و بە چەنگاڵە تیژەکانی لایەکی شانی تا پەنجەی دادڕی، بەڵام نووکی شیری ئەویش جەرگ و ڕیخۆڵەی شێری وە دەشتێ خست و خستی و حەیاتی ڕەشی لێ بڕی.

«ئلیور» کە ئەو دیمەنەی دی ئەسرینی پەشیمانی بە چاواندا هاتە خوار. ئەوەندە بە خۆیدا شکاوە و شەرمەزار بۆوە کە خۆی خستە سەر پێی براکەی و داوای کوشتن یا بوردنی لێ کرد. «ئورلاندو» کە دڵێکی پاک و بیرێکی ڕووناک و خاوێنی بوو لە باوەشی گرت و ڕابردووی لە بیر بردەوە و بەخشی. بەڵام خوێنڕێژی باسک و ماندوویی بڕستی لێ بڕیبوو، نیشانەی مەنزڵی دۆستەکانی پێ گوت. ئەویش لە کۆڵی کرد و بردیەوە ماڵە «ڕوزلیندا»و کارەساتەکەی سەرلەبەر بە تەواوی گێڕاوە. «سلیا» و «ئلیور» خەریکی برژاندنەوەی باسکی و حەساندنەوەی کفتوکۆی لەشی بوون «ئورلاندو» شەرمەزار بوو کە بۆ ئەوەندە شەکەتە. «سلیا» بە پێکەنینەوە گوتی:

«پێت وایە دەگەڵ بێچووە پشیلە گەمەت کردووە هەتیو! تۆ دێڵە شێری سەر تووتکانت کوشتووە» لەم حاڵەدا «ئلیور» چاوی لە چاوە جوانەکانی «سلیا» نەدەترووکاند. دیاربوو «سلیا»ش بێ مەیل نەبوو و جارجار بە ناز پەنجەی «ئلیور»ی دەکوشی و وەڵامی داخوازییەکانی دەداوە «ڕوزلیندا» پاش تاوێک گوتی:

«ئورلاندو بێننە لای من باشترم ئاگا لێ دەبێ، بەڵام باسی پەرێشانی منی بۆ مەکە».

ئلیور کە دڵ و دینی لەپێناوی ئەوینی ئەم کیژە نابوو بەپەلە هاتەوە لای «ئورلاندو» و ئەوی لە ڕازی خۆی ئاگادار کرد و گوتی:

«لە خودای دەوێ «سلیا» بێتە ژنی ئەو».

ئورلاندو بزەیەکی هاتە سەر لێوان و گوتی:

«بچۆ لای و هەموو قسەی خۆتی بۆ بگێڕەوە. نازانی ئێستا تەنیایە و «کانیمد» دێتە لای من.

دوو دڵدار کە بە ڕواڵەت دوو دۆستی گیانی گیانی بوون بەتەنێ مانەوە. «ئورلاندو» باسی ئەوینی «ئلیور» و «سلیا»ی بۆ گێڕاوە. پاشان گوتی:

«خۆزگە و هەزار خۆزگە ئێستا ڕوزلیندای خۆشەویستی منیش لێرە دەبوو».

«ڕوزلیندا» پێکەنی و گوتی:

«هیوابڕ مەبە سۆزی جوانترین بەرگی خۆت لەبەر بکە وەرە بنکەی میر. ناردوومە خۆشەویستەکەت بێ تکای لێ دەکەم بێتە ڕەزا و شووت پێ بکا».

سۆزی میواندارێکی باش و جوان لە بنکەی ڕازاوە، میر، ئلیور «ئورلاندو» و ئەوانی دیکە چاوەنۆڕ بوون. لەپڕ دوو کچی جوان و چەلەنگ بە جلی خۆوڵاتییەوە دەس لەنێو دەستی یەکتر دەرکەوتن.

«ڕوزلیندا» خۆی بەسەر پێڵاوی باوکیدا دا و تکای لێ کرد ئیزن بدا مێرد بە «ئورلاندو» بکا، میر لە خۆشی دیداری کچەکەی وەختا بوو باڵ بگرێ، دەستی دوو نۆبووکانی لە دەستی دوو تازەزاوا نا.

لەولاشەوە میری داگیرکەر کە تەنانەت کچەکەی خۆشی لە دەستانی ڕایکردبوو. بەری شەپۆڵی تووڕەییی خەڵکی نەگرت و پەنای بۆ دەیر برد، میری پێشوو سەرلەنوێ چۆوە سەر جێگای خۆی.