ئەرکی نەتەوایەتیی ئیمڕۆی شاعیر و نووسەرەکانمان

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 4 خولەک  788 بینین

لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلاندا هەمیشە شاعیر و نووسەری ڕووناکبیر و پێشڕەو نەخشێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە و ئەرکێکی مەزن و پیرۆزیان بەجێ گەیاندووە.

یەکەم هاواری ڕزگاریی نەتەوەکەمان لە گەرووی شاعیرێکی مەزن و هەڵکەوتوو هاتۆتە دەر و لە چیا بەرز و سەرکەشەکانی کوردستاندا دەنگی داوەتەوە و باپیرە خەوئالووەکانی ئێمەی لە خەو ڕاپەڕاندوون و شیری پێ سوون و ناردوونی بۆ کۆڕی خەباتی ڕزگاریخوازی.

ئێستاش پاش ڕابردنی گەلێک مانگ و ساڵ دەنگی نێر و دلێری «خانی» وەک وەحی ئاسمانی لە گوێی تێکۆشەرانی نەبەزی نەتەوەی کورددا دەزرنگێتەوە و ئەو دەنگە زوڵاڵەیە ناهێڵێ وەنەوز و وێژینگ بدەن و خەو بیانباتەوە و لە کاروانی خەبات بەجێ بمێنن.

خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا ئیمڕۆ پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ. خەباتی گەلەکەمان خەباتێکە عادلانە و ڕەوا بۆ ئەستاندنی مافی نەتەوایەتیی پێشێلکراوی خۆی. خەباتێکە لە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی ڕژێمی کۆنەپەرستی پاشایەتی و بەشێکە لە خەباتی دژی ئیمپریالیستی و ئازادیخوازیی گەلانی جیهان. گەلی ئێمە تێدەکۆشێ بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی سەربەخۆ و دیموکراتیک و کوردستانێکی ئازاد و خودموختار لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا. گەلی ئێمە وێڕای گەلانی تری ئێران خەبات دەکا بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری و تاراندنی ئیمپریالیزم لە وڵاتەکەمان.

ئەرکی شاعیر و نووسەرە پێشکەوتووەکانیشمان لە هەلومەرجی ئیمڕۆدا پشتیوانی کردن و هاندانی تێکۆشەرانی ئەم قۆناخەی خەباتەکەمانە. ئەرکێکی گەورە و گرنگە، ئەرکێکی پیرۆز و خاوێنە و ئەرکێکی سووک و هاسانیش نییە.

شاعیر و نووسەرە نیشتمانپەروەرەکانمان لە قۆناخی ئیمڕۆدا بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە دەبێ لەناو خەڵکدا بژین، لە کۆمەڵانی زەحمەتکێش و چەوساوەی خەڵک جوێ نەبنەوە. لە پێشەوە ئاگاداری وەزعی ژیان و بەڕێچوون و خەباتی ئەوان بن و هەست بە ئێش و ژان و ئازاریان بکەن. لە ژیانی ڕۆژانەی ئەوان ئیلهام وەربگرن و لەگەڵ تەجرەبە و زانستی خۆیان تێکەڵی بکەن و بیکەنە مایە بۆ نووسراو و شێعر.

شاعیر و نووسەری کورد دەبێ ئیمڕۆ قەڵەمی بە قازانجی زۆربەی گەلەکەمان بگەڕێ و بە زمانێک بنووسێ جووتیار و کاسبکار تێ بگا. دەبێ زمانی شوان و گاوان و سەپان بزانێ، دەبێ بۆ زەحمەتکێشان بنووسن و ئەوان هان بدا بۆ خەبات. نووسین و شێعری ئەوڕۆمان تا ساکارتر و بێ گرێوگۆلتر بێ، زیاتر خزمەت دەکا.

شاعیر و نووسەری ئیمڕۆمان دەبێ شوێنەواری شاعیر و نووسەرە، پێشکەوتووەکانی جیهان موتاڵا بکەن و شتی تازە و نوێ فێر بن و لە تەجرەبەی ئەوان کەڵک وەرگرن و بەرگی کوردی تەواوی لەبەر بکەن. شاعیر و نووسەری ئیمڕۆمان دەبێ لە دژی ڕێوشوێنی کۆن و ناپەسند خەبات بکەن و لە کردەوەی دزێو ڕەخنە بگرن و ڕێگای ڕاستی ژیان بە خەڵک نیشان بدەن.

شاعیر و نووسەری کوردستان نابێ ئەوەندە بەرزەفڕ بن کە خەڵک نەیانگاتێ و لەژێرڕا تێیان هەڵبڕوانێ و لە قسەیان نەگا. لەبیریان نەچێ ڕۆڵەی ئەم گەلەن، لە باوەشی ئەو چیا و کەژەدا پەرەوازە بوون و دەبێ پاداشتیان بدەنەوە، پاداشتێکی مەعنەوی و بەکەڵک، پاداشتێکی جوان و ساکار، پاداشتێکی بەنرخ و بێ پێچ و پەنا.

بەداخەوە ئێستاش لە کوردستانی ئێراندا نووسینی کوردی تاوانێکی گەورەیە و بۆیەش ئەرکی گرنگ و گەورەی ئەدەبی لە ئەستۆی شاعیرەکانە. شێعر هاسانتر دەستاودەست دەکا، زووتر لەبەر دەکرێ و چاکتر بڵاو دەکرێتەوە و کەمتر بەڵگە دەداتە دەست دوژمن. ناڵێین ئەرکی شاعیرە پێشکەوتووەکانمان لە هەلومەرجی ئێستادا کە دیکتاتۆری باڵی ڕەشی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە، کارێکی هاسان و بێ مەترسییە. بەڵام هەر ئەو قسەی شاعیری گەورە و ئازادیخوازی تورک «نازم حیکمەت» وەبیر دێنینەوە کە دەڵێ: «ئەگەر من نەسووتێم، ئەگەر تۆ نەسووتێی، ئەگەر ئێمە نەسووتێین چۆن ڕووناکی لە تاریکی پەیدا دەبێ».

شاعیرە نیشتمانپەروەرەکانمان دەزانن گەلەکەمان ئیمڕۆ لە هەمیشە پتر پێویستی بە ورینگەی خەمڕەوێن و ئاسمانیی ئەوان هەیە. هەستی نیشتمانپەروەری و ئەرکی نەتەوایەتی و ئینسانی ناچاریان دەکا لە سزا و ئازار نەترسن و بێدەنگ دانەنیشن.