ئیمارەتی چنگنی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  935 بینین

شەرەفنامە ئەڵێ ئەم عەشیرەتی چنگنییە لە ناو عەشیرەتی کوردی ئێراندا ناوبانگێکی گەورەی بووە، بەڵام چونکە ڕەئیسێکی بەکاریان نەبوو، بە ناو عێراق و ئازەربایجاندا بڵاو بووبووەوە و لەگەڵ خراپە و جەردەیی خەریک بوو. خەڵکی ئەو وڵاتە لە لای شاهـ تەهماسب شکاتیان کرد و بۆ لەناوبردنیان بە هەموو لایەکدا ئەمری شاهی درا و لە سەر ئەمە پێنجسەد ماڵێکی چوو بۆ خۆراسان.

لەو بەینەدا حاکمی هەرات، قەزاق خان بوو. ئەم حاکمە حەزی لە شاهـ تەهماسب نەئەکرد و ویستی لەم عەشیرەتە مەزڵوومە ئیستیفادە بکا. بەم فیکرە لە کارجستان (بەینی هەرات و کابول کەوتووە)دا دایمەزراندن.

شاهـ تەهماسب کە وای زانی، موعامەلەی دەرحەق بەم عەشیرەتە گۆڕی و ڕووی دانێ و بوداق بەگ ناو بەگزادەیەکی چنگنی کرد بە ئەمیریان و بە هیممەتی ئەم ئەمیرەوە عەشیرەتەکە هێنرایەوە خۆراسان و لەوێ جێگیر کرا. بوداق بەگ لە شەڕی عەبدولـموئمین خانی ئۆزبەکدا بە خۆی و عەشیرەتەکەیەوە زۆر خدمەتی کرد و لە سەر ئەمە، شاهـ عەباس مەنسەبی ئیمارەتی بە خۆی و پێنج کوڕی دا و بوداق بەگیشی کرد بە ئەمیرول‌ئومەرا. بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەم ئەمیرە موعاسری شەرەفخان و یەکێ لە سەردارانی هەرە ماقووڵی شاهـ عەباس بووە.

حەیف کە دەرحەق ئەحواڵی دوایی ئەم ئیمارەتە مەعلووماتێک چنگ نەکەوتووە.