ئیمارەتی سیاهـ مەنسوور

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  752 بینین

بە گوێرەی شەرەفنامە، لە زەمانی شاهـ تەهماسبدا دامەزراوە. ئەم شاهە، خەلیل بەگ ناو ئەمیرێکی سیاهـ مەنسووری هێناوەتە مەعییەتی خۆی، عینوانی «خان»ی داوەتێ و کردوویەتی بە ئەمیرول‌ئومەرای هەموو کوردی ئێران. بێجگە لە سیاهـ مەنسوور، بیست و چوار عەشیرەتی کوردی تریشی خستۆتە مەعییەتیەوە. لە بەینی ئازەربایجان و عێراقدا گەلێ موڵک و وڵاتیشی دایە. دایمە سێ هەزار سوارێکی لە تەکا بوو. لە بەینی قەزوین و تەورێزدا دائەنیشتن و موحافەزەی خەڵکی حدوود و ڕێگەوبانیان ئەکرد. لە دوای سێ ساڵ، حوسنی ئیدارەی خەلیل بەگ ڕووی کردە کەمی و لەو ناوەدا خراپەکار زۆر بوو. لە سەر ئەمە، شاهـ، خەلیل بەگی نەفی کرد بۆ خۆراسان. لە دوای ئەمە، تەنیا عەشیرەتی سیاهـ مەنسووری بە دەسەوە ما و لە دواییدا کرا بە موحافزی حدوودی خۆراسان.

لە پاش خەلیل بەگ، دەوڵەتیار خانی کوڕی هاتە جێگەی و لە تەڕەف شاهەوە کرا بە موحافزی حدوودی ئازەربایجان و بە ئەمری شاهـ لەو ناوەدا گەلێ ئیسلاحات و تەعمیراتی کرد، بەڵام لە پاش بەینێک لە حکوومەت عاسی بوو و لە قوماندای مورشید قولی خاندا لەشکرێکی ئێرانی هاتە سەر و لە قەڵای شەبستاندا موحاسەرەی کرد، بەڵام ڕۆژێک لە پڕێکا لە قەڵا هاتە دەرەوە و هەڵیکوتایە سەر لەشکری قزڵباش و شکاندی و کوشتار و تاڵانێکی زۆری لێ کردن. لە دوای ئەم غەلەبەیە دەوڵەتیار خان تەماعی کردە بەعزێ نەواحیی عێراق. بەڵام شاهـ عەباس، مەهدی قولی خانی بە لەشکرێکی زۆرەوە ناردە سەری. دەوڵەتیار خان موقابەلەی پێ نەکرا و دەخاڵەتی بە شاهـ کرد. بەڵام خۆی و تەوابیعی حەپس کرا و لە دواییدا لە ناو برا. زاهیر وایە کە لە دوای دەوڵەتیار خان، ئەم ئیمارەتەش لە ناو چووە.