ئیمارەتی بادینان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  995 بینین

ئەم ئیمارەتە «بهادینان»یشی پێ ئەڵێن. بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەبێ لە دەوری عەباسیشدا بووبێ. بە گوێرەی ڕیوایەتێکی شەرەفنامە، موئەسیسی ئەم خانەدانە، لە خانەدانی بەنی عەباس بەهائەددین ناوێک بووە و بە سەبەبی ئەم ناوەوە، «بەهائەددینان، بهادینان، بادینان»ی پێ گوتراوە. شەرەفنامە لە لایەکی تریشەوە ئەڵێ: «لە زەمانی تەیمووری لەنگ و شاهڕوخی کوڕیدا، عیمادییە لە ژێر حوکمیانا بووە و شاهڕوخ دوایی عومری لەوێدا ڕابواردووە و عیمادییەی داوە بە ئەمیر سەیفەددینی کوڕی».

لە دوای ئەمیر سەیفەددین، ئیمارەتەکە کەوتۆتە دەس ئەمیر حەسەنی کوڕی و زەمانی لەگەڵ شەڕ و دەعوای ئاق قۆیۆنلوودا ڕابواردووە و لە دواییدا چۆتە ژێر حیمایەی شاهـ ئیسماعیلەوە.

لە دوای ئەمیر حەسەن، کوڕە گەورەکەی، سوڵتان حسێن، بۆتە ئەمیر. ئەم ئەمیرە لە پاش بەینێک بۆتە تابیعێکی عوسمانی و لە ئیدارەدا مەقامی وەکوو والی بووە، سی ساڵێک ئیمارەتی کردووە. لە تەئدیبی ئیمارەتی موکری و تەعقیبی ئەلقاس میرزادا بۆ حکوومەتی عوسمانی، خدمەتی گەورەی کردووە و چوار ساڵێکیش سنجاقی مووسڵی لە ژێر ئیدارەدا بووە.

لە دوای سوڵتان حسێن، قوباد بەگی کوڕی بۆتە ئەمیر. زۆر پێنەچووە لەگەڵ بارام بەگی برایدا کەوتۆتە هەراوە. بارام بەگ لە دەروێش و مەشرەبی و سکوونەتی قوباد بەگ ئیستیفادەی کردووە و عەشایری بادینانی لێ هەڵساندووە و خۆشی ڕایکردۆتە لای شاهـ ئیسماعیلی دووەم. قوباد بەگ هەر چۆنێ بوو، عەشایرەکەی تەسکین کردووە، بەڵام زۆری پێنەچوو عەشایری مزووری لێ ڕاست بووەوە و بە زۆری ئەم عەشیرەتە، سلێمان بەگ ناو ئەمیرێکی بادینانی کرا بە ئەمیر و قوباد بەگیش لە مووسڵەوە چوو بۆ سنجار و لەوێ ئەم ماجەرایەی بۆ ئەستامۆڵ نووسی.

بارام بەگ لەم فرسەتەدا هاتەوە عیمادییە و ئەمیریەتی خۆی ئیعلان کرد.

قوباد بەگ بەینێک لە زاخۆ دانیشت و لە دواییدا چووە ئەستامۆڵ و سەدری ئەعزەمی ئەو وەقتە، کە سیاوەش پاشا بوو، فەرمانی ئیمارەتی دایە و ناردیەوە. قوباد بەگ هاتەوە دهۆک و ویستی موشەویقی عاسییەکان لە ناو بەرێ، بەڵام لەو وەقتەدا سلێمان بەگ لەگەڵ میر مەلیکی ڕەئیسی مزووری، بە لەشکرەوە ڕوویان کردە دهۆک و خەڵکی شارەکە قاپییان بۆ کردنەوە و دهۆک کەوتە دەس سلێمان بەگ و قوباد بەگیش کوژرا (٩٨٤ هـ).

بارام بەگ کە وای زانی، دەسبەجێ چووە لای عەشیرەتی مزووری و ئیمارەتی خۆی پێ تەسدیق کردن.

کوڕانی قوباد بەگ، سەیدی خان و ئەبو سەعید، لە لای حکوومەتی عوسمانی داوای ئیمارەتیان کرد. حکوومەتیش ئەمری دا بە سەردار فەرهاد پاشا کە بارام بەگ بگرێ. لەو وەقتەدا سەردار بۆ سەفەری گورجستان ئەچوو. بە وەعدی ئەمە کە لە دوای ئەم سەفەرە بیکا بە ئەمیر، بارام بەگی بانگ کردە لای خۆی و بارم بەگ بەو ئومێدە، سەیدی خانی برازای کرد بە وەکیل و خۆی بە لەشکرەوە چوو بۆ لای سەردار. لە دوای سەفەری گورجستان، سەردار، بارام بەگی گرت و بە بوختانی کوشتنی براکەی، بە حوکمی مەحکەمە لە ئەرزەڕۆم ئیعدام کرا .

بەم تەڕحە، ئیمارەتی بادینان بۆ سەیدی خان مایەوە (٩٩٤ هـ). ئەم ئەمیرە لە زەمانی ساحێبی شەرەفنامەدا حاکمی بادینان بووە و موددەتێکی زۆر ئیمارەتەکەی ئیدارە کردووە. زاهیر وایە کە لە دوای سەیدی خان، یۆسف خان بۆتە ئەمیر و لە زەمانی خۆیدا (١٠٤٨ هـ) تووشی تەعەڕوزی مەلیک ئەحمەد پاشای والیی دیاربەکر بووە و موددەتێک لە دیاربەکردا حەپس بووە و لە پاش جەریمەیەکی قورس و لە دوای وەفاتی سوڵتان موراد، نەجاتی بووە (ئەولیا چەلەبی).

لە دوای یۆسف خان، وا دیارە ئیمارەت کەوتۆتە دەس کوڕەکەی و لەو دەورەدا (١٠٧١ هـ) قووەت و نفووزی ئیمارەتەکە زۆر پێش کەوتووە. نفووزی ئەم ئیمارەتە هەشت تا دە هەزار سوار و ئەوەندەش زیاتر پیادە بوو و دایمە یارمەتیی حکوومەتی داوە (چوار عەسری دوایی عێراق، ل ٩٨).

تاریخ لە ١١١٢ هـ (١٧٠١ م)دا ڕبات پاشا بە ئەمیری عیمادییە نیشان ئەدا و ئەم ئەمیرە لەو تاریخەدا لەگەڵ لەشکری مووسڵ و دیاربەکردا چووە بۆ جنووبی عێراق و ئیختیلالی «مونتەفەک»یان تەسکین کردووە.

لە ١١٣٨ هـ.دا بارام پاشا (ڕەنگە کوڕی ڕبات پاشا بێ) بۆتە ئەمیری بادینان و بە بارام پاشای گەورە شۆرەتی سەندووە. لە هەموو خسووسێکەوە خدمەتی ئیمارەتەکەی زۆر کردووە و حەساندوویەتیەوە. لە دوای حکوومەتێکی چل ساڵی، لە ١١٨١هـ.دا (١٧٦٧ م) وەفاتی کردووە.

لە دوای بارام پاشا، ئیسماعیل پاشای کوڕی بوو بە ئەمیر و حکوومەتی زۆر دەوامی کرد. لە ١٢٠٢ هـ.دا (١٧٨٧ م) تووشی ناڕەحەتی و ئیختیلالی بەعزێ لە ڕەقیبانی بوو. بەڵام وەفاتی ناگەهانی کوڕان و کوڕەزاکانی، ئێجگاری ئاڵۆزاند و شەڕێکی خراپی خۆماڵی دەسی پێکرد. ئینجا بە موداخەلەی بەغدا ئەم هەرایە بڕایەوە. «چوار عەسری دوایی عێراق» باسی عەلی موراد خان پاشای بادینانی ئەکا و ئەڵێ لە ١٢١٧ هـ.دا کە عەلی پاشای والی بەغدا لەشکری کردە سەر سنجار، ئەم ئەمیرە بە لەشکری بادینانەوە لەگەڵیدا بوو. زاهیر وایە کە عەلی موراد خان، یا کوڕ یا برای ئیسماعیل پاشا بووە. لە دوای شەڕی سنجار، عەلی پاشا، عەلی موراد خانی عەزل کرد و قوباد بەگی کرد بە ئەمیری بادینان و لەگەڵ پێنجسەد سوارێکی بەبە کە لە مەعییەتی خالید پاشای بەبەدا بوو، قوبادبەگی ناردەوە بادینان. عیمادییە، عەقرە، دهۆک و زاخۆ هەر یەکە درا بە ئەمیرێکی بادینانی و ئەبوایە هەموویان تابیعی ئەمیری عیمادییە بوونایە.

لە وەقتێکدا کە ئیمارەتی بادینان تووشی تەعەڕوزی ئەمیری سۆران، پاشا کۆرە بوو، سەعید پاشا ئەمیری عیمادییە بوو و بەرامبەر بە محەمەد پاشا، ڕەسووڵ پاشای برای کرد بە حاکمی عیمادییە.

لە دوای لەناوچوونی محەمەد پاشا، ئیسماعیل پاشای بادینانی (کۆنە حاکمی عەقرە)، هاتە مەیدانەوە و ئیمارەتەکەی گرتە دەس خۆی و موددەتێک موتەسەڕیفی مووسڵ، ئینجە بایرەقدار محەمەد پاشای زۆر ناڕاحەت کرد و ئیمارەتەکەی بە دەسەوە نەدا. بەڵام زۆری پێنەچوو سەدری ئەعزەم مستەفا ڕەشید پاشا، بە لەشکرەوە هاتە سەری و لە عیمادییەدا موحاسەرەی کرد و گرتی و ناردیە بەغدا و لەوێ حەپس کرا و بە حەپسخانەدا وەفاتی کرد و بە تەواوی ئیمارەتەکە لە ناو چوو (١٢٩٥ هـ/ ١٨٤٣ م).