ئیمارەتی موکری

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  880 بینین

شەرەفنامە سەیفەددین ناو ئەمیرێکی سۆمای بە موئەسیسی ئەم خانەدانە دائەنێ. ئەم زاتە لە دەوری حکوومەتی تورکماندا (عەسری نۆهەمی هیجری)، ئەووەڵەن ناحیەی دریاسی لە عەشیرەتێکی تورکمان زەوت کردووە. لە ئاخریدا «دۆڵ باریک»، «ئەختاچی»، «ئێلتەیموور» و سوڵدووزیشی خستۆتە سەری و بەرەبەرە ئیمارەتێکی بەقووەتی ڕێک خستووە و بە عینوانی خۆیەوە ئیمارەتەکە و عەشایرەکانیشی ناو نا «موکری» و موددەتێکی زۆر، بێ شەڕ و هەرا حکوومەتی کرد.

لە دوای ئەمیر سەیفەددین موکری، سارم بەگی کوڕی بووە بە ئەمیر و ئیستیلای کوردستان لە تەڕەف شاهـ ئیسماعیلەوە تەسادوفی ئەم وەقتەی کردووە. شاهـ لەشکرێکی ناردۆتە سەر سارم بەگ، بەڵام لەشکرەکەی شکاوە. لە دواییدا لەشکرێکی قورستری کردۆتە سەری (٩١٢ هـ) و ئەم جارەش سارم بەگ لەشکری قزڵباشی زۆر خراپ شکاندووە، بەڵام لە پاش بەینێک بۆ خۆپاراستن لە شەڕی سەفەوی، لەگەڵ باقی ئومەرای کورد، حیمایەی عوسمانی قەبووڵ کرد و لە ئەستامۆڵ سوڵتانی زیارەت کرد.

لە دوای سارم بەگ، حکوومەتی موکری کەوتە دەس ئامۆزاکانی، کە شێخ حەیدەر و میر نەزەر و میر خزر بوون. ئەم سێ برایە وازیان لە حکوومەتی عوسمانی هێنا و بوونە تەڕەفداری سەفەوی (٩٤٨ هـ). لە سەر ئەمە، سوڵتان سلێمان، ئەمیری عیمادییە، سوڵتان حسێن و ئەمیری حەکاری، زەینەڵ بەگ و عەشایری برادۆستی کردە سەریان و لە دوای شەڕێکی قورس، هەر سێ ئەمیری موکری لە ناو چوون. لە دوای ئەم شەڕە، ئیمارەتی موکری لە تەڕەف سوڵتان سلێمانەوە دراوە بە میرە بەگی حاکی عومەر بەگی کوڕی سارم بەگ و نزیک سی ساڵ ئیمارەتەکەی بە دەسەوە بوو. لە دوای ئەم ئەمیرە بەگە، ئیمارەت کەوتۆتە دەس ئەمیرە بەگ شێخ حەیدەر و موکری دیسانەوە چۆتە ژێر حیمایەی سەفەوی. لە زەمانی شاهـ محەمەد خودابەندەدا لەگەڵ ئومەرای لوڕستان و ئەردەڵاندا دیسانەوە بووە تەبەعەی عوسمانی. ئەمیرە بەگ، لە وەزعییەت ئیستیفادەی کرد و موڵکی ئەجدای لەگەڵ شارەزوور و لیوای موسڵی لە سوڵتان پچڕی. سوڵتان موراد هەولێر و مەراغەشی دا بە کوڕەکانی ئەمیرە بەگ.

زۆری پێنەچوو بە سەبەبی خدمەت و ئازایەتییەوە ڕوتبەی میری میرانیشی درایە. ئەمیرە پاشا موددەتێکی زۆر حوکمی کرد، لە پاشدا لەگەڵ جەعفەر پاشای بەگلەربەگی تەورێز تێکچوو و بەعزێ لە موڵکەکانی لە دەس سێنرایەوە و لەگەڵ ئەمەشدا موددەتێکی تر ئەم ئیمارەتە دەوامی کرد و لە دەوری شاهـ عەباسی ئەووەڵدا دوو دەفعە (لە زەمانی قوباد بەگ و شێر بەگدا) تووشی قەتڵ و عام بوو. دەرحەق بە تەفسیلاتی لەناوچوونی، مەعلوومات نییە.