ئیمارەتی برادۆست

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 1 خولەک  862 بینین

خانەدانی ئەم ئیمارەتە، نەتەوەی خانەدانی حەسنەوییە. لە دوای کو‌ژرانی میر هیلالی کوڕی ناسرەلدەولە بەدر، کوڕانی هیلال هاتوونە ناو برادۆست. ئەمانە سێ برا بوون: یەکێکیان تاهیر، لە جێگەی باوکی بۆتە حاکمی شارەزوور؛ یەکێکیشیان بۆتە ڕەئیسی عەشیرەتی ئاکور؛ سێیەمینیش هاتۆتە سەڵماس و ئەوێی خستۆتە ژێر حوکمی خۆیەوە.

شەرەفنامە ئەڵێ: ئەمیری هەرە مەشهووری ئەم خانەدانە، غازی قڕانی کوڕی سوڵتان ئەحمەدە. لە ئەووەڵا لەگەڵ شاهـ ئیسماعیل دوژمنایەتی کردووە، لە دواییدا ڕێک کەوتوون و شاهـ، لەقەبی غازی قڕانی لەگەڵ نەواحیی تەڕگەوەر و سۆمای و دۆڵی داوەتێ و ئەم ئەمیرە جەسوورە تا شەڕە گەورەکەی چاڵدێران بە نیوە سەربەخۆیی، تابیعی شاهـ بووە. لە دواییدا لەگەڵ باقی ئومەرای کورد، ئیتاعەتی یاوزی کردووە و سوڵتان سەلیم زۆر قەدری گرتووە و لە ئەیالەتی هەولێر و بەغدا و دیاربەکر، بەعزێ نەواحی خستۆتە سەر موڵکی ئەمیر غازی قڕان.

لە دوای غازی قڕان، ئەم ئیمارەتە بۆتە دوو بەش: تەرگەوەڕ، سۆمای.