ئیمارەتی دونبڵی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  1159 بینین

دوقتۆر فریچ لە کتێبی «کوردلر» زۆر بە کورتی باسی ئەم ئیمارەتەی کردووە و حەتتا ئەهمیەتی بە ئیزاحاتی شەرەفنامەش نەداوە ، بەڵام کتێبی «آثار الشیعة الامامیة» بە گوێرەی «دەنابلە» باسێکی بەتوولی ئەم حکوومەتەمان بۆ ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ ئەووەڵ حوکمداری ئەم خانەدانە، مەلیک تاهیرە، کە کوڕی ئەمیر عیسا کوڕی ئەمیر مووسا حاکمی شام بووە. ئەم ئەمیر مووسایە کوڕی ئەمیر یەحیای وەزیری هاڕوونەڕڕەشیدە. بە گوێرەی «انساب الاکراد» ئەسڵیان ئەچێتەوە سەر عایلەی بەرمەکیی مەشهوور. ئەم عەشیرەتە زۆر قۆڵی لێ بۆتەوە، هەرە مەشهووریان دونبڵی یەحیا (نەتەوەی ئەمیر یەحیا)، شەمسەکی (بەرەی شەمس ئەلمەلیک جەعفەر)، عیسا بەکلوو (نەتەوەی ئەمیر عیسا)، بەگزادە (نەتەوەی ئەمیر فەرەیدوون)، ئەیووب خانی ... الخ. ئەم قۆڵانەی، لە تەڕەف خەلیفە مەئموون و تەیمووری لەنگ و سوڵتان سەلیم، بە وڵاتانی کاشان، خۆراسان، خەبووشان، شیروان، گەنجە، قەرەباغ و قەرەجەتاغدا بڵاو کراونەوە. ئومەرای ئەم خانەدانە لە عەسری چوارەمی هیجرییەوە لە کوردستان و ئازەربایجاندا ئیدارەیەکی سەربەخۆیان بووە و تا زەمانی شێخ حەیدەری سەفەوی دەوامی کردووە و لە زەمانی ئەم شێخەدا ئەمیر بەهلوولی دونبڵی بە ئارەزووی خۆی تابیعی شێخ حەیدەر بووە و ئەم حکوومەتە بوو بە ئیمارەتێکی تابیعە.

حاکمانی ئەم ئیمارەتە، بە موختەسەری لە ژێرەوە باس ئەکرێ، تەفسیلاتیان لە «کوردانی بەناوبانگ» وەیا «مشاهیر الاکراد»دا هەیە:

خولاسەی ئەحواڵیان

میر ئەحمەد: چوارەمین حوکمدارە، لە شامدا حاکم بووە. بەعزێ جێگەی حەکاری زەوت کردووە. بەعزێ تەئلیفاتی هەیە. قەڵای «بای» ئەسەری ئەم زاتەیە و لەوێ مەدفوونە. تاریخی وەفاتی ٣٧٨ی هیجرییە.

میر سلێمان: بە سەر کوردستان و ئازەربایجان و شامدا نفووزی جاری بووە. لە جەبەل سنجار، سەرای سلێمانی دروست کردووە. مامۆستای لە ئێرانەوە هێناوە و منداڵانی کوردی فێری خوێندن کردووە. ساحێبی «مشارق الانوار»، شێج ڕەجەب ئەلبرسی، لە خەواسی ئەم ئەمیرەیە. تاریخی وەفاتی ٤١٠ی هیجرییە.

ئەمیر جەعفەری دووەم: لە زەمانی ئەم ئەمیرەدا لە چیای سەنجەراندا مەعدەنی ئاڵتوون دۆزرایەوە و بە «زەری جەعفەری» شۆرەتی سەند. ئەم چیایە نزیک قەڵای دونبڵە بووە. تاریخی وەفاتی ٤٤١ی هیجرییە.

ئەمیر یەحیا: بە گوێرەی شەرەفنامە، لە گاورسی، هەزار ماڵ تەبەعەی بووە، نزیک هەزار و دووسەد تەکیەی لە چیاکانی کووهستان و ئازەربایجان و شامدا پێکەوە ناوە. تاریخی وەفاتی ٤٧٧ی هیجرییە.

ئەمیر عیسا: بە سەلاحەددینی کورد شۆرەتی بووە و لە مەنسووبینی یەزدانییە. سەد هەزار ماڵێکی کوردی بردۆتە ئازەربایجان و کووهستان. ئەغڵەب لە تەبرێزدا وەقتی ڕابواردووە.

ئەمیر جەعفەر: بە شەمس ئەلـمەلیک شۆرەتی بوو. موعاسری مەنووچەهر شیروان شاهـ بوو و شاعیری مەشهوور، خاقانی شیروانی، گەلێ مەدحی کردووە. تاریخی وەفاتی ٥٣٥ی هیجرییە.

ئەمیر بەگ: لەگەڵ سوڵتان سەنجەردا باشی ڕابوارد. بەعزێ ئاساری عومرانی لە «خۆی»دا دانا. تاریخی وەفاتی ٥٩٠ی هیجرییە.

میر ئەحمەد: ساحێبی مەسنەوی، مەشهوور مەولانای ڕۆمی، لە خەواسی ئەم ئەمیرە بووە.

میر ئیبراهیم: مەرکەزی، تەورێز بوو. لەگەڵ جەنگیز خان ڕێک کەوت و وڵاتەکەی لە وێرانی نەجات دا. تاریخی وەفاتی ٦٩٢ی هیجرییە.

میر جەمشید: لەگەڵ لەشکری موغول کەوتە شەڕەوە. غازان خان لە ٧٢٥ی هـ.دا لەشکرێکی زۆری کردە سەری و لە چیای «چلەخان»دا کوژرا.

ئەمیر بەهلوول: کوڕی ئەمیر جەمشیدە. تاریخی وەفاتی ٧٦٠ی هیجرییە.

شاهـ مەنسوور: کوڕی ئەمیر بەهلوولە. تاریخی وەفاتی ٧٩٥ی هیجرییە.

میر مەحموود: کوڕی شاهـ مەنسوورە و لە لای سوڵتان بایەزید حورمەتی بووە. قەسەبەی مەحموودی دروست کرد و لەوێدا مرد. تاریخی وەفاتی ٨٢٠ی هیجرییە.

ئەمیر وەلی: لە خۆی دائەنیشت.

حاجی بەگ: کوڕی ئەمیر وەلییە. تاریخی وەفاتی ٨٢٢ی هیجرییە.

سوڵتان عەلی: کوڕی حاجی بەگە. تاریخی وەفاتی ٨٣٥ی هیجرییە.

ئەمیر نەزەر: کوڕی سوڵتان عەلییە.

ئەمیر فەرەیدوون: بە ئەمیر قلیج شۆرەتی بوو. بە گوێرەی «تاریخی جیهان‌نما» بە سەر هەموو ئازەربایجان و کوردستان و ئەرمینییەدا حاکم بوو. لە خۆی نێژراوە. تاریخی وەفاتی ٨٦٠ی هیجرییە.

ئەمیر بەهلوول: تەسادوفی دەوری شێخ حەیدەری سەفەوی کرد. تەبەرستان و تاغستانیشی بە دەستەوە بوو. بە ئارەزووی خۆی بووە بە تابیعی شێخ حەیدەر و لە شەڕی بەینی سەفەوی و شاهـ خەلیل ئاق قۆیۆنلوودا لە تاریخی ٨٨٠ی هـ.دا لە ناو چووە.

ئەمیر ڕۆستەم: بە شاهـوێردی بەگ شۆرەتی بوو. تاریخی وەفاتی ٨٩٨ی هیجرییە.

ئەمیر بەهروونە: لەقەبی سلێمان خەلیفەیە. تا عومری ٩٥ ساڵی ئەمیر بوو. لە مەعییەتی شاهـ تەهماسبدا داخڵی شەڕی عوسمانی بوو. تاریخی وەفاتی ٩٨٥ی هیجرییە.

ئەیووب خان: کوڕەزای ئەمیر بەهرۆزە، ڕوتبەی بەگلەربەگی و مەنسەبی سوپەهداری بوو. تاریخی وەفاتی ٩٩٤ی هیجرییە.

شاهـ بەندە خان:

بەهرووز خان: لە خەواسی شاهـ عەباس بوو. شەرەفنامە باسی شەجاعەت و ڕەشیدیی ئەکا. لە ١٠١٤ هـ.دا وەفاتی کرد.

عەلی خان: کوڕی بەهرۆز خانە و بە سەفی‌قولی خان شۆرەتی بوو. کە سوڵتان موراد هاتە سەر ئازەربایجان، لە ئۆردووی شاهـ سەفیدا بوو. لە وەقتی هاتنی فەرهاد پاشا بۆ سەر کوردستان، عەلی خان لە چیاکانی حەکاریدا زۆر مودافەعەی کرد. لە پاشدا لەگەڵ ئەحمەد پاشای والیی بەغداد ڕێک کەوت و ئازەربایجان و ئەرمینییەی لە ئیدارەدا بوو.

مورتەزا قولی خان: کوڕی عەلی خانە و لە ئەسفەهان مولازیمی خاسی شاهـ عەباسی سانی بوو.

غیاس بەگ: کوڕی عەلی خانە. یەکێ لە سەردارانی شاهـ عەباس[ی سانی] بوو. لە شەڕی قەندەهاردا موەفەق نەبوو. لە بەر ئەوە، ڕووی نەهات بێتەوە و لەگەڵ بەعزێ عەشایری، لەو تەڕەفە مایەوە. تائیفەی «خەرابی»، نەتەوەی ئەم ئەمیرەن. فەتحعەلی خان مەلیکول‌شوعەرای قاجار و مەحموود خانی کوڕی، لەم تائیفەیەن.

شەهباز خان: کوڕی مورتەزا قولی خانە. لە قەڵای «خۆی» لە تەڕەف عەبدوڵڵا پاشاوە موحاسەرە کراوە و لە دواییدا تەسلیم و فەوت بوو (١١٤٤ هـ).

ئەمیر ئەحمەد خان: تەسادوفی دەوری نادر شاهی کرد. وڵاتی ئەجدادی بە دەسەوە بوو. پەنجا ساڵ و شەش مانگ ئیمارەتی کرد. وەقتێ کە لە لای کەریم خانی زەند بوو، بە دەس کوڕانی شەهباز خان کوژرا.

نەجەفعەلی خان: کوڕی شەهباز خان و لە سەردارانی نادر شاهـ بوو و بەگلەربەگی تەورێز بوو. شاعیر و ئەدیب بوو. تاریخی وەفاتی ١١٩٦ی هیجرییە.

ئەمیر خوداداد خان: کوڕی نەجەف‌قولی خانە.

فەتحعەلی بەگ: کوڕی خوداداد خانە.

ئاقا محەمەد خان: کوڕی نەجەف‌قولی خانە.

عەبدولڕەزاق بەگ: کوڕی نەجەف‌قولی خانە. شاعیرێکی مەشهوور و پیاوماقووڵی شاهزادە عەباس میرزا بوو. بەعزێ ئاساریشی هەیە. تاریخێکیشی دەرحەق خانەدانی خۆی نووسیوە و نوسخەیەکی لە کتێبخانەی شاهیدایە. تاریخی وەفاتی ١٢٤٣ی هیجرییە.

بەهائەددین محەمەد ئاقا: کوڕی عەبدولڕەزاق بەگە. عالم و فازل و شاعیرێکی باش بوو. دیوانی ئەشعاری هەیە.

کوچک خان: کوڕی بەهائەددین ئاقایە.

شەهباز خان: کوڕی مورتەزا قولی خانی دووەمە. لە شیرازدا بە دەس کەریم خانەوە ئەسیر بوو.

مەحموود خان: کوڕی شەهباز خانە. بەگلەربەگی ئەسفەهان بوو.

شەهباز خان: کوڕی مەحموود خانە. تەسادوفی دەوری ناسرەددین شاهی کرد.

ئەمیر حسێن‌قولی خان: کوڕی ئەحمەد خانە.

محەمەد سادق خان: کوڕی حسێن‌قولی خانە. بەگلەربەگی ئازەربایجان بوو.