ئیمارەتی بتلیس

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  670 بینین

ساحێبی شەرەفنامە، چونکە خۆی لە نەتەوەی ئەم خانەدانی ئیمارەتە بوو، دەرحەق بەم ئیمارەتە گەلێ مەعلووماتی پەیا کردووە و نووسیویەتی.

شەرەفخان ئەسڵی ئەم خانەدانە ئەباتەوە سەر خانەدانی ساسانی؛ بەڵام دوقتۆر فریچ بە تەفسیلات و ئیزاحاتی شەرەفنامە بڕوا ناکا و ڕەنگە حەقیشی بێ؛ چونکە بەڕاستی بەعزێ وقووعات و ئەسمای تیایە کە ئەوەندە لەگەڵ تاریخی سەحیحدا یەک ناگرێت.

عەینی موستەشریق ئەڵێ: «بە گوێرەی مەعلووماتی سەحیحەی تاریخەوە ئەووەڵ حاکمی مەعلوومی بتلیس، مەلیک ئەشرەف بووە و لە پێش ئەمەدا کە ببێ بە ئەمیری بتلیس، لە مەعییەتی ئەیووبیی سووریەدا سەردار بووە. لە وەقتێکدا کە جەلالەددین خوارەزم شاهـ هاتۆتە ئەو ناوە، ئەم مەلیک ئەشرەفە حیمایەی کردووە و لە دواییدا لە سەر تەکلیفی موغول لە حدوودی خۆی کردوویەتیە دەرەوە».

لام وایە تەدقیقاتی دقتۆر فریچیش نوقسانە، چونکە بە گوێرەی تاریخی حکوومەتی ئەیووبی، هاتنی جەلالەددین خوارەزم شاهـ تەسادوفی زەمانی مەلیک ئەشرەفی کوڕی مەلیک عادڵی حاکمی سووریەی کردووە و حەتتا ئەم مەلیکە، بەرامبەر بە جەلالەددین لەگەڵ عەلائەددین کەیقوبادی سوڵتانی سەلجووقیی ڕۆمدا ئیتیفاقی کرد و لە قوماندای ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاریدا لەشکرێکی نارد و لە نزیک ئەرزنجان، جەلالەددین خواڕەزم شاهی شکاند (٦٢٧ هـ). جا کە وا بوو، ڕەنگە ئەووەڵ حاکمی بتلیس، ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاری بووبێ، کە سەردارێکی ئەیووبیی سووریە بوو.

لە دەوری تەیمووری لەنگدا ئەمیری بتلیس، حاجی شەرەف بەگ بوو و ئیتاعەی تەیمووری کرد و حورمەتێکی زۆری دی و «پاسین» و «مەلازگرد»یشی درایە؛ بەڵام لە دواییدا لە تەڕەف «ئیق سۆفی» وەکیلی تەیموورەوە حەپس کرا و لە ناو چوو. ئەمیر شەمسەددینی کوڕی لەگەڵ ئومەرای عەشیرەتی ڕۆژەکی چوونە ئێران. شەرەفنامە ئەڵێ لە دوای حاجی شەرەف بەگ، ئەمیر شەمسەددین بۆتە حاکم و لە زەمانی ئەم ئەمیرەدایە کە قەرە یۆسفی قەرەقۆیۆنلوو هاتۆتە بتلیس و دەخالەتی بە ئەمیر کردووە و کچەکەشی داوە بە ئەمیر و بە مەعاوەنەتی ئەم ئەمیرە، وردە وردە حکوومەتی قەرەقۆیۆنلووی سەرلەنوێ دامەزراندۆتەوە و بە فاسیلەیەکی کەم و زۆر تا ئەواسیتی عەسری نۆزدەمینی میلادی دەوامی کردووە. ئاخیر ئەمیری، شەرەف بەگ بووە و لە ١٨٤٦ م.دا حکوومەتی عوسمانی ئیمارەتەکەی لە دەس سەند.

لە حادیساتی موهیممەی ئەم ئیمارەتە، ئیلتیجای باوکی شەرەفخان بە ئێرانە و لە پاش بەینێکی تر شەرەفخان هاتۆتە بتلیس و لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە بە ئەمیری بتلیس ناسراوە.

لە ١٨٦٦ م.دا مەلیک ئەحمەد پاشای والیی وان، بە خۆڕایی شەڕی بە ئەمیر عەبداڵ خانی حاکمی بتلیس فرۆشت و بە لەشکرێکەوە کە بەشی زۆری کورد بوو، چووە سەری و مەجبووری هەڵاتنی کرد و ماڵ و موڵکی تاڵان کرد و ئیمارەتەکەی لە ناو برد.