حکوومەتی شەدادییە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  703 بینین

بەنو شەداد کە دەرحەقیان مەعلوومات کەم هەیە، لە «ئەرران»دا لە ساڵی ٢٤٠ هـ تا ٤٦٨ هـ حکوومەتی کردووە و لەم تاریخی دواییەدا کە زۆری وڵاتەکە لە تەڕەف مەلیک شاهی سەلجووقی زەوت و ئیلحاق کرا، دیسان ئەعزای ئەم خانەدانە تا نیهایەتی عەسری شەشەم لە گەلێ جێگەدا (وەکوو گەنجە و ئانی) بە ناوی حکوومەتی سەلجووقییەوە ئیدارەی ئومووریان کردووە. موحتەمەلە ئەم خانەدانە کورد بووبێ. ئەو شارە مەشهوورانە کە داخڵی حکوومەتی ئەرران بوو: نەخجەوان، گەنجە، تەفلیس، دێرەقیو، قەرەباغ بوو. ئەهالییەکەی لەگز وەیا لەزەکی بوون.

لە ساڵی ٣٣٧ هـ (٩٨٤ م)دا مزەفەری حاکمی ئازەربایجان، سالار مەرزبان محەمەد، لە بەر دەربەندی «ڕەی»دا ئەسیر بوو. لە دوای ئەمە مەملەکەتەکەی شێوا و ئومەرای ئەتڕاف هەر کەسە بۆخۆی لە شاران و وڵاتانێ کە تێیدا بوون، ئیعلانی سەربەخۆییان کرد. لە ناو ئەمانەدا محەمەد بن شەداد بن کلوتو ناوێک لە پێش هەموودا خۆی کرد بە حوکمداری «دەبیل» و لە دواییدا بە حاکمی ئازەربایجان، و وا دەرئەکەوێ کە تا ٣٤٤ هـ (٩٥٥ م) بەبێ زەحمەت دەوامی کردووە و لە دواییدا ڕووی کردە تەنەزول و لە ٣٦٠ هـ.دا کوڕەکەی، هەر وڵاتی ئەررانی بە دەستەوە ما.

لەم سرەیەدا «فەزلوون» ناو حاکمێک لە «گەنجە»دا بوو، ڕەنگە برای محەمەد بن شەداد بووبێ. کوڕی محەمەد بن شەداد کە ئەبولحەسەن عەلی بن جەعفەر لەشکری بوو، هەشت ساڵ حکوومەتی کرد و لە ئاخریدا براکەی، مەرزبان، هاتە جێگەی و ئەمیش لە پاش حەوت ساڵ حکوومەتکردن لە تەڕەف برایەکی تریەوە کە ناوی فەزل بن محەمەد بوو لە ڕاودا کوژرا.

فەزل بن حەسەنی ئیدارەی خۆی لە لای ئەهالی خۆشەویست کرد و لە جوملەی ئەفعالی، بیناکردنی پردێک لە سەر ئاوی ئاراس بوو. ئەم زاتە لە ٤٢٢ هـ.دا و لە دوای سەڵتەنەتێکی ٤٧ ساڵی وەفاتی کرد و کوڕەکەی کە ناوی ئەبولفەتح مووسا بوو، هاتە جێی و لە دوای حکوومەتێکی سێ ساڵی، ئەمیش لە تەڕەف کوڕەکەی کە ناوی ئەبولحەسەن عەلی بوو، ئیستیخلاف کرا و ئەم حوکمدارە [تا] ٤٤٠ هـ دەوامی کرد. ئەم ئەبولحەسەنە یەکێ لە حامییەکانی شاعیر «قەتران»ە لە گەنجەدا. لە دوای ئەم، کوڕەکەی، نەوشیروان، هاتە جێگەی و لە دوای سێ مانگ وەفاتی کرد و لە دوای ئەمیش، ئەبولئەسوار شاوری کوڕی فەزلی بوو بە حوکمدار. دەرحەق بەم زاتە لە ئەسلافی زیاتر مەعلوومات هەیە، چونکە زۆر جار لە تەڕەف «کئەبوس»ەوە لە «کئەبوسستان»دا بەحسی کراوە و ئیبنی ئەسیر ئەڵێ «ئەرتوغرول بەگ» لە دوای فەتحی تەورێزی، کە هاتە گەنجە (٤٤٦ هـ)، ئەبولئەسوار چووە لای و عەرزی تەعزیماتی کرد .

ئەبولئەسوار لە ٤٥٦ هـ.دا وەفاتی کرد و ئەلفەزلی دووەم مەنووچێهری کوڕی هاتە جێگەی. کئەبوس کە لە ساڵی ٤٦٨ هـ.دا نووسراوە، دەرحەق بە فەزلوونی کوڕی ئەبولئەسوارە و وا دیارە کە لەگەڵ وەفاتی فەزلووندا و لە ئیلحاقکردنی ئەرران لە تەڕەف مەلیک شاهەوە ئیستقلالی بەنی شەداد دوایی هاتووە و لە بەر ئەمە، تەعقیبکردنی تاریخی ئەم خانەدانە زۆر زەحمەتە.

خولاسە ئەم فەزلوونە ساحێبی ئەم ئیسمە بوو و بەو تەڕحە موخابەرەی لەگەڵ شاعیر «قەتران» کردووە و قەهرەمانی گەلێ حیکایە و میسالە کە لە کئەبوس‌نامەدا نووسراوە. زاهیر وا دیارە کە حوکمی بە سەر گەنجە و «ئانی» و «توین»دا جاری بووە.

بە گوێرەی خانیکۆف، ئەلفەزل مەنووچێهر دوو کوڕی بووە: ١. فەزلوون لە وەقتێکدا کە مەلیک شاهـ گەنجەی زەوت کرد (٤٨١ هـ) حاکمی ئەوێ بوو؛ ٢. «ئەبولئەسواری دووەم شاور»یش لە وەقتێکدا کە «ئانی» لە تەڕەف قەڕاڵ «داوید»ەوە زەوت کرا (٥١٨ هـ)، ئەمیری ئانی بوو. ئەم ئەبولئەسوار دووەم شاورە، مەحموود ناو کوڕێکی بوو، [ئەویش کوڕێکی بوو کە] ناوی قایی سوڵتان بوو. دەرحەق بەم زاتە لە لەوحەیەکی نووسراوەدا کە لە ئانی دزۆراوەتەوە، مەعلوومات هەیە و تاریخی ئەم لەوحەیە ٥٩٥ هـ (١١٩٨ م)ە. لەم لەوحەیەدا خۆی ناو ناوە قایی سوڵتان کوڕی مەحموود کوڕی شاور بن مەنووچێهر ئەلشەدادی.

بە گوێرەی ئەو لەوحەیە حوکمدارانی بەنی شەداد ئەمانەیە:

١. محەمەد بن شەداد لە ٣٤٠ هـ.دا لە گەنجە. فەزلوونی ئەوەڵ

٢. ئەبولحەسەن بن جەعفەر لەشکری، ٣٦٠- ٣٦٨ هـ.

٣. مەرزبان ..... ٣٦٨ هـ.

٤. ئەلفەزل بن محەمەد، ٣٧٥- ٤٢٢ هـ.

٥. ئەبولفەتح مووسا، ٤٢٢- ٤٢٥ هـ.

٦. ئەبولحەسەن بن مووسا لەشکری، ٤٢٥ - ... هـ.

٧. نەوشیروان بن عەلی بن مووسا، ٤٤٠ هـ.

٨. ئەبولئەسوار شاور بن ئەلفەزل بن محەمەد، ٤٤٠- ٤٥٦ هـ.

٩. ئەلفەزل مەنووچێهر بن شاور (فەزلوونی دووەم)، گەنجە.

١٠. ئەبولموزەفەر فەزلوونی سێیەم، گەنجە.

١١. ئەبولئەسوار شاور بن مەنووچێهر، ئانی، ٤٦٨ هـ.

١٢. ئەبولفەتح جەعفەر بن عەلی بن مووسا، ئالان، ٤٧٠ هـ.

١٣. مەحموود بن شاور بن مەنووچێهر بن شاور بن ئەلفەزل، ئانی.

١٤. قایی سوڵتان بن مەحموود بن شاور، ئانی، ٤٩٥ هـ.