مەلیک ئەفزەل، مەلیک عەزیز، مەلیک عادڵ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  694 بینین

مەلیک ئەفزەل کوڕە گەورەی سوڵتان سەلاحەددین بوو و لە دوای باوکی، مەتبووعی باقی حکوومەتانی ئەیووبی بوو. زیائەددین ئیبنی ئەسیر (برای موئەریخی مەشهوور، ئیبنی ئەسیر) وەزیر و مودیری ئومووری بوو. ئەم وەزیرە لە ئیدارە و سیاسەتدا زۆر زەعیف بوو. لە بەر ئەوە، ئینتیزامی ئیدارە زۆر تێک چوو و لە ڕووی ئەم وەزیرە بێ‌ئیدارە و تەدبیرەوە ئومەرای مەشهوور و ئێشکداری زەمانی سوڵتان سەلاحەددین زوو لە بەرچاوی مەلیک ئەفزەل کەوتن و عەزل کران. لە بەر ئەمە، هەموویان عاجز بوون و یەک لە دوای یەک سوورییەیان بەجێ هێشت و چوونە میسر لای مەلیک عەزیز و زاتەن زۆری پێ نەچوو مەلیک عەزیز سەربەخۆیی میسری ئیعلان کرد و لە ٥٩٠ هـ.دا بۆ زەوتکردنی موڵکی براکەی، بە لەشکرەوە ڕووی کردە سوورییە.

ئیختیلافی بەینی ئەم دوو برایە بە ناوبژیی مەلیک عادڵ و بەعزێ ئومەرای ئەیووبی، هەرچۆنێ بوو ئەمجارە تەسکین کرا؛ بەڵام ساڵی دوایی، مەلیک عەزیز دیسانەوە هاتە سەر شام و ئەمجارە مەلیک عادڵ یارمەتیی مەلیک ئەفزەلی دا و بە سیاسەت و تەشویقاتی خۆی، لەشکری میسری لە مەلیک عەزیز وەرگێڕا و ئەم شازادەیەش بە نەتیجە، مەجبوور بوو گەڕایەوە میسر.

مەلیک عادڵ لە ئەووەڵدا، بە زاهیر تەڕەفداری ڕێککەوتنی برازاکانی بوو، بەڵام لە دواییدا کە تەماشای بێ‌ئیدارەیی و بێ‌تەجرەبەیی کردن و زانی کە ڕەنجی سوڵتان سەلاحەددین لە ڕووی کوڕەکانیەوە مومکینە بە باد بچێ و مەملەکەتی ئەیووبی، تووشی نشوستی و بێ‌هێزی بێ، ویستی ئیدارەی مەملەکەت بگرێتە ژێر دەسی خۆی و زاتەن ناڕێکیی برازاکانیشی بۆ ئەم مەقسەدە خدمەتی بوو.

بەم فیکرە لای مەلیک ئەفزەلی گرت و مەلیک عەزیزی بە نائومێدی گێڕایەوە میسر و لە پاشدا دیسانەوە ئاشتی کردنەوە و مەلیک ئەفزەل گەڕایەوە شام و خۆیشی لە میسردا بۆ ڕێکخستنی ئیش و کاری میسر، بە ناوی مەلیک عەزیزەوە مایەوە. لە حەقیقەتدا ئەیویست بناغەی حاکمی خۆی لە مەملەکەتی فیرعەونەکانا دابنێ. لە دوای بەینێک بە بەعزێ بەهانە، لەگەڵ مەلیک عەزیزدا لەشکریان کردە سەر مەلیک ئەفزەل، لە دوای شەڕ و دەعوا، لە ٥٩٢ هـ.دا شام زەوت کرا و مەلیک ئەفزەلی بەدبەخت، لە باتی دیمەشق، بە ناعیلاجی بە قەڵای «سارخد» ڕازی بوو، سوورییە بە ناوی تابیعی زاهیری میسر، کەوتە دەس مەلیک عادڵ.

واقیعەن ئەم موعامەلەیە لە خسووس ئەخلاق و خزمایەتییەوە زۆر ناشیرین بوو، بەڵام سەلامەتی مەملەکەتی ئەیووبی وای ئیجاب ئەکرد و لازم بوو بەرامبەر بە تەعەڕوزاتی یەک لە دوای یەکی ئەهلی سەلیب و ڕێکخستنی ئیش و کاری مەملەکەتی ئەیووبی، حوکمدارێکی بەشەوکەت و سەردارێکی بەنفووز و تەجرەبە، بێتە سەر ئیش. لە بەر ئەمە، هەر تەماشای مەسڵەحەتی عموومی بکرێ، هیچ عیتابێکی تاریخی ڕوو ناکاتە فاتیحی کەرگ.

مەلیک عادڵ لە دوای ساخکردنەوەی سوورییە بۆ خۆی و ڕێکخستنی کاروباری، تەفتیشێکی ئەحواڵی جەزیرەی کرد و ئیدارەی ئەوێشی دامەزراند و لە دوای وەفاتی کتوپڕی مەلیک عەزیز (٢٧ی محەڕەمی ٥٩٥)، بە ناعیلاجی گەڕایەوە سوورییە، چونکە مەلیک ئەلـمەنسوور مەحموودی کوڕی مەلیک عەزیز هێشتا منداڵ بوو. مەلیک ئەفزەلی مامی، بانگ کرابووە میسر و کرابوو بە نائیبی مەلیک مەنسوور.

مەلیک ئەفزەل ویستی لەم وەزیفە تازەیە ئیستیفادە بکا و حەقی خۆی لە مەلیک عادڵی مامی بسێنێ، لەگەڵ مەلیک زاهیری برای کە حاکمی حەڵەب بوو، موخابەرەی کرد و وەعدی یارمەتیی لەویش سەند و هاتە سەر ئەوەی کە لەشکر بکاتە سەر سوورییە.

مەلیک عادڵ لەم کەین و بەینە خەبەردار بوو و بە نفووز و سیاسەت، زوو بەینی مەلیک ئەفزەل و ئومەرای مەعییەتی تێکدا و بە لەشکرێکەوە ڕووی تێکرد و تەنگی پێ هەڵچنی؛ نیهایەت لە ڕەبیع‌ئەلسانی ٥٩٦ هـ.دا مەجبووری تەسلیمبوونی کرد و خۆی و مەلیک مەنسووری لە میسر کردە دەرەوە و مەملەکەتی میسریشی داگیر کرد و [حوکمداریی] خۆی ئیعلان کرد.

مەلیک ئەفزەلی بەدبەخت، بە مەئیووسی گەڕایەوە قەڵای «سرخد». لە دوای بەینێک مەلیک زاهیری برای، ویستی شامی بۆ بسێنێتەوە و حەتتا بە لەشکری حەڵەبەوە هاتە سەر ئەم شارە و موحاسەرەشی کرد، بەڵام ئەو وەقعەیەش سیاسەت و تەدبیری مەلیک عادڵ بە فریادا گەیشت و بەینی دوو برای تێکدا و مەلیک زاهیر وازی لە موحاسەرە هێنا و گەڕایەوە حەڵەب. مەلیک ئەفزەلیش گەڕایەوە سرخد.

لە دوای بەینێک. مەلیک عادڵ قەلعەی ئەلنەجم و سرووج سەمسادیشی دا بە مەلیک ئەفزەل، بەڵام ئەم ئیحسانە، ئەوەندە دەوامی نەکرد و لە ٥٩٩دا لە دەسی سەندەوە. دایکی مەلیک ئەفزەل گەلێ تکای لە مەلیک عادڵ کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو. مەلیک ئەفزەل کە وای زانی، قەڵای سەمسادی تەعمیر کردەوە و خۆی بە تابیعێکی سەلجووقی ڕۆم ئیعلان کرد و موددەتێکیش بەو نەوعە ڕایبوارد. حەتتا کە مەلیک زاهیری برای وەفاتی کرد، بە یارمەتیی کەیکاوسی حوکمداری سەلجووقی، ویستی حەڵەب بگرێ و حکوومەتێک بۆ خۆی پێکەوە بنێ. بەڵام ئەم ئاخر تەقەلایەش بە سەبەبی ناڕێکیی موتتەفیقەکانی و موداخەلەی مەلیک ئەشرەفی کوڕی مەلیک عادڵەوە سەری نەگرت (٦١٥ هـ) و شازادەی بەدبەخت بە مەئیووسی گەڕایەوە سەمساد و تا ئاخری عومری، مەترووک و مەهجوور لەوێدا ژیا و لە ٦٢٢دا کتوپڕ وەفاتی کرد.